ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ دابەش کردنی نەوتی ئەمساڵی هاووڵاتیان
پەیامی کورد ... ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند : ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەكاری تەواوی كردووە بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپیی ماڵان بكرێت و، بۆ هەر بەرمیلێك نەوتیش 40 هەزار دینار وەردەگرن.
جیهاد حەسەن، ئەندام لە لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "سەرۆكی حكوومەتی هە رێمی كوردستان بڕیاری داوە كە ئەمساڵ هەموو خەڵكی كوردستان نەوتی سپیی ماڵان وەربگرن، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە پەیوەندیمان بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە كرد و ئەوانیش باسیان لەوە كرد كە لە رێگەی بریكارەكان و دابەشكردنی پسوولە و ئامادەكردنی تەنكەری نەوت، هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە كە لە 1/11 دەست بە دابەشكردنی نەوتی سپیی ماڵان بكەن".
حەسەن گوتیشی، ئەمساڵ هەموو خێزانێك لە هەرێمی كوردستان بەرمیلێك نەوت وەردەگرێت و سەرۆكی حكوومەتیش خۆی بڕیاری داوە و تەواوی خەڵكی كوردستان نەوت وەردەگرن، كە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكان دەست پێدەكەن.