نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق: بەتوندی دژی هێرشەکەی سەر هەولێر دەوستینەوە
پەیامی کورد … نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق: بەتوندی دژی هێرشەکەی سەر هەولێر دەوستینەوە
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق رایگەیاند، بەتوندی دژی هێرشەکانی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر دەوەستنەوە و جەخت دەکەنەوە لەوەی دەبێت ئاسایشی عێراق و ناوچەکە بپارێزرێت.
جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "ئێمە بەداخین بۆ هێرشە موشەکییەکە خوێناوییەکەی سەر هەولێر، ئەم جۆرە کارە قێزەونە هەڕەشەی جیددی لەسەر سەقامگیری دروست دەکات و عێراق پێویستە لە رکەبەریی (دەرەکی) بپارێزرێت".
ئەوەش هاتووە، "ئێمە داوای دانبەخۆداگرتن و هەماهەنگیی چڕوپڕی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین بۆ پەلکێشکردنی تاوانباران بۆ بەردەم دادگا".
شەوی رابردوو ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەی شاری هەولێر کراون و بەوهۆیەش زیانی گیانی و مادی لێکەوتەوە، بەگوێرەی دواین راگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستیش لەو هێرشەدا سێ کەس برینداربوون.