نووسەرێکی کورد لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو باڵوێزی ئاشتی دەستنیشان کرا
پەیامی کورد … نووسەرێکی کورد لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو باڵوێزی ئاشتی دەستنیشان کرا
جەمیل تووران بازدی، نووسەری کوردی خەڵکی شاری (بازید)ی سەر بە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان، لەلایەن ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە وەک باڵوێزی ئاشتیی کوردستان هەڵبژێردراوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوە میدیاییەکان ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە کە تایبەتە بە پرسی مافی مرۆڤ، بەناوی "پلاتفۆرمی ئەدەبیاتی جیهانی بۆ ئاشتی و مافی مرۆڤ" کە لەسەر بنەمای پێشنیاری نووسەرێکی یۆنانی، جەمیل تووران نووسەری کوردی وەک باڵوێزی ئاشتیی کوردستان دەستنیشان کردووە.
جەمیل تووران بازدی، لەمبارەوە ئاماژەی بەوەش داوە ئەو خەڵاتە لەبەر خەبات و چالاکییەکانی لە بواری مافی مرۆڤدا پێی بەخشراوە، چونکە ئامانجی گەلی کورد تەنیا دابینکردنی ئاشتی و ئازادییە و هیوادارە لەو ڕێگەیەوە بتوانێ ڕۆڵی خۆی بۆ سەقامگیریی ئاشتی و پاراستنی مافی مرۆڤ لە کوردستان بگێڕێت.
جەمیل تووران بازدی لەدایکبووی شاری بازیدە لە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان و لە بواری ئەدەب و نووسینی ڕۆماندا چالاکە و ساڵی 2018 بەهۆی نووسینی ڕۆمانێک بەناوی"ناوی من ئازادە" خەڵاتی تایبەتیی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی پێ بەخشراوە.
ئەو ڕۆمانە تایبەتە بە ژیان و سەربردەی بنەماڵەیەکی هەڵەبجەیی و تێیدا باس لە ئاوارەیی و دۆخی ژیانیان دەکات.