TR KU SO
FB X
Kurdistan

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

سارا
Yazar
📅 25 Ocak 2020 15:35

پەیامی کورد    ...   بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ شەممە  ٢٥ی ١ی ٢٠٢٠ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین، کە دوهەم گەورەترین بەکارهێنەری نەوتە لەجیهاندا، هەروەها راگرتنی گەشتەکان بۆ ئەو ووڵاتە، خواست لەسەر ئەو بەرهەمە کەمبوەتەوە، بەوەش نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لەسەدا ٢ دابەزیوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، نرخی نەوتی خاوی برێنت ١.٣٥ دۆلار دابەزیوە لە دوایین مامەڵەدا بە ٦٠.٦٩ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکراوە، واتا بەڕێژەی %٢.٢ نزمبوەتەوە. لە هەمانکاتیشدا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا ١.٤ دۆلار دابەزیوە و بە ٥٤.١٩ دۆلار بۆ هەر بەمیلێک مامەڵەی پێکراوە، واتا بەرێژەی ٢.٥%  نزمبوەتەوە.
ئەمڕۆ رێککەوتی یەکەم رۆژی ساڵی نوێی چینییەکان دەکات، بەوهۆیەشەوە بە ملیۆنەها هاووڵاتی چین بۆ بەسەر بردنی پشووی ساڵی نوێ گەشت بۆ دەرەوەی ووڵات دەکەن، بەمەش مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەجیهاندا زۆر زیادیکردوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی نەوت هەبوە.بۆ راگرتنی دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت لەبازاڕەکاندا سەرچاوەیەکی نزیک لەرێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، لەئێستادا رێکخراوەکە تاوتوێی بەردەوامیدان بەکەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ.
ئاماژەی بەوەشکردوە، گفتوگۆکانی رێکخراوەکە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی بەردەوامیدان بەکەمکردنەوەی بڕی هەناردەکردنی نەوت لە قۆناغەکانی سەرەتادایە.
ساڵی رابردوو، رێکخراوی ئۆپێک و حکومەتی رووسیا بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نرخی نەوتی خاو، بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی هەناردەکردنی نەوتیاندا و تائێستاش بەردەوامە.

Paylas: