TR KU SO
FB X
Kurdistan

کۆنسێرتی ئاینوور دۆغان لە تورکیا هەڵوەشێنرایەوە

Navas Jan
Admin
📅 16 Mayıs 2022 17:16

پەیامی کورد... کۆنسێرتی ئاینوور دۆغان لە تورکیا هەڵوەشێنرایەوە

سەرۆکی شارەوانیی دەرینجەی سەر بە شاری کۆجەیلە لە تورکیا، کۆنسێرتێکی گەورەی ئاینوور دۆغان، گۆرانیبێژی ناوداری باکووری کوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە. ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا هاتووەتە دەنگ و دژی ئەو بڕیارەیە.

شارەوانیی دەرینجە، سەر بە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) یە، بە فەرمی کۆنسێرتی ئاینوور دۆغانی هەڵوەشاندەوە. سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیاش دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە و دەڵێت:» بە ئازادی لە دایک بووین و بە ئازادییش دەمرین''.

کەمال کلیچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، پشتگیریی خۆی بۆ ئاینوور دووپات کردەوە.

کلیچدارئۆغڵو دەنووسێت:» میوزیکی شەوانە قەدەغەیە، شارەوانیی ئاکەپە میوزیکی کوردی قەدەغە دەکات، کەواتە با دەستوور بگۆڕن و هەموو بابەتێکی سەرگەرمی قەدەغە بکەن و ئەوەش لەوان دەوەشێتەوە. ئەی ئاکەپە ئەمە باش لە مێشکتدا بچەقێنە، کە بە ئازادی لە دایک بووین و بە ئازادییش دەمرین''.

دەبوایە ٢٠/٥/٢٠٢٢ ئاینوور دۆغان کۆنسێرتەکەی ئەنجام بدایە و پێشتر مۆڵەتی وەرگرتبوو، بەڵام شارەوانیی دەرینجە، بەهۆی ئەوەی گۆرانییەکانی ئاینوور بە کوردین، بۆیە بە فەرمی کۆنسێرتەکەی هەڵوەشاندەوە.

ئاینوور دۆغان، لە ١١/٣/١٩٧٥ لە باکووری کوردستان لە دایک و باوکێکی کورد لە دایک بووە. گۆرانییەکانی بە کوردین و ناوبانگێکی گەورەی لە تورکیا و دەرەوەی تورکیادا هەیە. ئاینوور خاوەنی چەندین ئەلبوومی گۆرانییە و لە ساڵی ٢٠٠٢، توانی بناسرێت و گۆرانییەکانی بچێتە ناو خەڵک لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا.

پێشانگەی میوزیکی جیهانیی وۆمێکس 'WOMEX''' خەڵاتی هونەرمەندی ساڵی ٢٠٢١ی بە ئاینوور دۆغان بەخشی.

Paylas: