TR KU SO
FB X
Kurdistan

ئەو ڕێنماییانەی باج کە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراون دەست بەجێ جێبەجێ دەکرێن

سارا
Yazar
📅 17 Şubat 2021 18:06

پەیامی کورد     ...    ئەو ڕێنماییانەی باج کە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکراون دەست بەجێ جێبەجێ دەکرێن

بەڕێوبەری باج لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : ئەو رێنماییانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ باجدان دەری کردوون، دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە و بەشێکیشیان جێبەجێ کراون و ئەوانەی دیکەش کاریان لەسەر دەکرێت.

دکتۆر کەمال وەرتی، رایگەیاند، ئەو رێنماییانەی بۆ دانی باج لە ھەرێمی کوردستان دەرچوون، بەردەوام سەرقاڵی جێبەجێکردنیانین، کە بەشێک لەوانە جێبەجێ کراون و بەشێکی لە قۆناغی دیراسەکردندان و هەروەها بەشێکیشیان بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، بۆیە کاری بۆ کراوە و ھەمووشی جێبەجێ دەکرێت، وەکوو ئەوەی کارمەندانی کەرتی نەوت و کۆمپانیاکانی سیکوریتیی کۆمپانیا نەوتییەکان، کە پێویستە باج بدەن و خواردنگە و هۆتێلەکانیش رێنماییان بۆ دەرچووە، کە ئەوانە جێبەجێ کراون و ئەوەی شیش و چیمەنتۆ رێنماییەکان ئامادە کراون و ئەوانیش دەردەکرێن، هەروەها ئەوەی بەرھەمە نەوتییەکان کە ھاوردە دەکرێن، ئەوانیش کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ باجدان، بۆیە کار لەسەر ھەمووی کراوە و ھەر یەکە و بە جۆرێک و بەردەوام دەبن تا ھەمووی جێبەجێ دەکرێت.

وەرتی ووتیشی، جگە لەوەش، ھەموو رێکار و میکانیزمێک دادەنێن بۆ ئەوەی ھیچ کەس و کۆمپانیا و شوێنێک نەتوانێ وەکوو پێشووتر خۆی لە باجدان بدزێتەوە و پێویستە ھەمووان بەپێی رێنماییەکان باج بدەن و لێخۆشبوون لەھیچ کەسێک ناکرێت، کە ئەمە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و جێبەجێ دەکرێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، رێنماییەکان ھەندێک کورتخایەنە و بەشێکیشی درێژخایەنە، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامەکانی دیار دەبێت، کە داھاتێکی باش بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێتەوە و بەو ھەنگاوانەی نراویشن، پارە بۆ حکوومەت گەڕاوەتەوە، بەڵام تا تەواو نەبێت گوژمەکەی دیار نییە چەند پارە بۆ خەزینەی حکوومەت دەگەڕێتەوە، وەلێ گومان لەوەدا نییە کە داھاتێکی باش دەبێت.

Paylas: