ئاوی ڕووباری دیجلە دەگەیەنرێتە بەنداوی دهۆک
پەیامی کورد... ئاوی ڕووباری دیجلە دەگەیەنرێتە بەنداوی دهۆک
بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای دھۆک ئاشکرای کرد، لە ڕێگەی پڕۆژەیەکەوە ئاو لە ڕووباری دیجلەوە دەگەیەندرێتە بەنداوی دھۆک و دەشڵێت، بەھۆی وشکەساڵییەوە نزیکەی 800 کانیاو وشک بوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ھێژا عەبدولواحید بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی (7ی تشرینی دووەمی 2022) ڕاگەیاند، ''پڕۆژەیەک ئامادەیە بۆ ئەوەی ئاو لە ڕووباری دیجلەوە بگەیەنینە بەنداوی دھۆک و پێشتر کێشە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دروست ببوو، بەڵام بە ھاوکاریی پارێزگاری دھۆک کێشەکە چارەسەر کراوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی ڕاکێشانی ئاو لە ڕووباری دیجلەوە بۆ بەنداوی دھۆک بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و پڕۆژەکە لەلایەن بەڵێندەرەوە جێبەجێ دەکرێت.''
بەڕێوەبەری ئاودێریی دھۆک گوتیشی، ''بەھۆی ڕاکێشانی ئاو لە ڕووباری دیجلەوە ساڵانە 15 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی دھۆک زیاد دەبێت، ئەوەیش ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانین ئاو لە بەنداوی دھۆک زیاد بکەین.''
ئەندازیار ھێژا عەبدولواحید ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ''وشکەساڵی کاریگەریی لەسەر ناوچەکە دروست کردووە و ھەرێمی کوردستان و عێراقیش بەدەر نین لە دیاردەی وشکەساڵی، ئێمە دەستمان بە زیاتر لە سێ ھەزار کانیاو گەیشتووە و بەداخەوە بەھۆی کەمیی باران و وشکەساڵییەوە نزیکەی 800 کانیاو وشکیان کردووە و ئەمەیش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کەرتی ئاو لە ھەرێمی کوردستان.''