چوار حەشارگەی داعش لە کەرکووک لە ناوبران
پەیامی کورد … چوار حەشارگەی داعش لە کەرکووک لە ناوبران
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراقدا لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک، چوار حەشارگەی داعش خاپوورکران و دەستبەسەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، چوار مووشەک و بڕێک تەقەمەنییدا گیرا.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، بە پشت بەستن بە زانیاریە ھەواڵگرییەکان ھێزەکانی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵیی ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینیان لە دۆڵەکانی ئەبو خەناجر، گرحەت غازان و گوندی رزم سەربە ناحیەی ریاز باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکدا، چوار حەشارگەی داعش خاپوورکراون و دەستبەسەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و چوار مووشەک و بڕێک تەقەمەنییدا گیراوە و ھاتووە "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەگەڵ مووشەک و تەقەمنییەکان لەلایەن تیمی ئەندازیاریی سەربە پۆلیسی فیدراڵیی دوای ھەڵگرتنەوەیان لەناوبراون".