TR KU SO
FB X
Kurdistan

کوژرانی هۆڤانەی ژنێک لە ڕوانسەر

Navas Jan
Admin
📅 26 Eylül 2021 12:51

پەیامی کورد … کوژرانی هۆڤانەی ژنێک لە ڕوانسەر

ژنێکی لاوی خەڵکی ڕوانسەرسەر بە پارێزگای کرماشان دوای ئەوەی لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوە کوژرا، تەرمەکەی ئاگر دراوە و لە جادەی کامێران دۆزرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی  ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢١، تەرمی ژنێکی خەڵکی ڕوانسەر بە ناوی مەرزیە حاسڵی تەمەن ٣٧ ساڵ لە جاددەی کامێران دۆزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بکوژ یان بکوژەکان دوای ئەشکەنجەیەکی زۆری ئەم ژنە گەنجە تەرمەکەیان ئاگردا و لە ژێر پردێکی نزیک گوندی کەلاوە لە سەر جاددەی بۆ کامێران فڕێیان داوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی حاسڵی لەوبارەوە ڕاگەیاند: “مەرزیە خەڵکی گوندی مسکین ئاوایە و ڕۆژی پێنج شەممە لەماڵ جووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە هەتا ڕۆژی هەینی تەرمەکەیان دۆزییەتەوە”.

بە وتەی ناوبراو بکوژ یان بکوژەکان بە تەماحی دزینی زێڕەکانی مەرزیە ناوبراویان کوشتووە و هێزە ئەمنییەکان چەند کەسیان لەوپەیوەندییەدا دەستبەسەر کردووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵکەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤ ژن لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لەلایەن کەس یان کەسانی نەناسراوە بە تەماحی دزینی زێڕەکانیان کوژراون.

 

Paylas: