چوار کاسبکار لە سنووری پیرانشار بوونە قوربانی
پەیامی کورد … چوار کاسبکار لە سنووری پیرانشار بوونە قوربانی
کاسبکارێک لە سنووری پیرانشار بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرێکەوە گیانی لە دەست دا و سێ کاسبکاری دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی دێسامبری ٢٠٢١، دوای ئەوەی هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی “زەویان”ی کوێستانی قەندیل تەقەیان لە ژمارەیەک کاسبکار کردووە، ئەو کاسبکارانە ڕێگایان ون کردووە و لەئاکامدا بە هۆی سەختی ڕێگاکە و بەفر و سەرما، لە هەڵدێرێکەوە بەر بوونەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لەم ڕووداوەدا کاسبکارێک بە ناوی قادر باز خەڵکی گوندی تازە قەڵا گیانی لەدەست داوە و سێ کاسبکاری دیکەش کە ناسنامەی دوو کەسیان عەلی کۆسە خەڵکی گوندی “ترکەش” و “حوسێن شێوەمەڕ” خەڵکی گوندی شێوەمەڕ ڕاگەیەندراوە، بریندار بوون. ناسنامەی کەسی سێهەم ئاشکرا نەبووە و یەکێک لە قوربانییەکان بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ئورمیە گوازراوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە کە کۆتەری مانگی سوور کە بەمەستی هاوکاری کردنی قوربانیان بەڕێکرابوو، بە بیانووی نەبووی شوێن بۆ نیشتنەوە ناوچەکەی بەجێ هێشتووە و خەڵکی گوندەکانی دەورووبەر و گرووپی شاخەوانیی “هەڵگورد” قوربانییەکانیان هێناوەتە خوارەوە.
ئەو چوار کەسە لەکاتی بردنی مەڕ و ماڵات بۆ باشووری کوردستان تووشی ئەو ڕووداوە بوون.