وێستگەی كارەبای كەسنەزان لەم کاتەدا دەكەوێتە كار
پەیامی کورد ... وێستگەی كارەبای كەسنەزان لەم کاتەدا دەكەوێتە كار
بڕیارە سبەی دووشەممە بە چاودێریی مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، وێستگەی ١٣٢ kvی كەسنەزان بكەوێتە كار، ووتەبێژی وەزارەتی كارەباش دەڵێ، تۆڕی كارەبا لەو سنوورە فرانتر بووە و بە ھۆی ئەنجامدانی پڕۆژەكەش، كارەبا بە شێوەیەكی باشتر دەگەێندرێتە ھاووڵاتیان.
ئومێد ئەحمەد، ووتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند: "سبەی بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بە چاودێریی مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، وێستگەی ١٣٢ kvی كەسنەزان دەكرێتەوە و دەكەوێتە كار".
ووتەبێژی وەزارەتی كارەبا ووتیشی: "پڕۆژەی گۆڕینی وێستگەی كارەبای كەسنەزان پێشتر دەست بە جێبەجێكردنی كرابوو، بەڵام بە ھۆی نەبوونی پارەوە دواكەوت و ئێستاش دوای خەرجكردنی پارەی تێچووی پڕۆژەكە، كۆتایی ھاتووە و دەكەوێتە كار".
ناوبراو روونی كردەوە: "ناوچەی كەسنەزان و دەوروبەری فرانبوونێكی بەرچاویان بە خۆوە بینیوە و پڕۆژەكەش سوودی زۆری دەبێت بۆ دابینكردنی كارەبای نیشتیمانی و بارگرانیی سەر ھێڵەكانیش كەم دەكاتەوە، كە لە ئێستادا خواستێكی زۆر لەسەر ھێڵەكانی كەسنەزان ھەیە و دەتوانین لە مەودوا كارەبا بە شێوەیەكی باشتر بگەیەنینە ھاوبەشەكانمان".