وەزیری ناوخۆ پێشوازی لە كونسووڵی گشتی هۆڵەندا کرد
پەیامی کورد ... ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ویلیام نیكۆڵاس كوزین، كونسووڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان ڕەوشی ئەمنیی عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان و پەیوەندی دووقۆڵی نێوان هەردوولایان تاوتوێ كرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا، كونسووڵی گشتی هۆڵەندا وێڕای پیرۆزباییكردن لە وەزیری ناوخۆ بە بۆنەی دەستبەكاربوونییەوە لەو ئەركە نوێیەیدا، خۆشحاڵی خۆی نیشان دا كە هەرێمی كوردستان سەرەڕای شەڕی تیرۆریستان و قەیرانی دارایی دەستی بە هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوە و بنیادنانەوە كردووە و لەم ڕووەوە جیاوازیی زۆری لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عێراقدا هەیە، ئامادەیی شانشینی هۆڵەنداشی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لەم هەڵمەتەدا، هەروەك لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا هاوكار بووە.
لە بەرانبەریشدا، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سوپاسی كردن و ڕایگەیاند، خەڵكی كوردستان ئەو دۆستانە لەبیر ناكەن كە لە تەنگانەدا یارمەتییان داون و خوازیار بوو ئەم هاوكاری و هەماهەنگییانە بەردەوام بن و زیاتریش پەرە بستێنن بۆ سەرجەم بوارەكان.