وەزارەتی بەرگریی عێراق: دەستدرێژیکردنە ترسنۆکانەکەی سەر هێزی پێشمەرگە ئیدانە دەکەین
پەیامی کورد … وەزارەتی بەرگریی عێراق: دەستدرێژیکردنە ترسنۆکانەکەی سەر هێزی پێشمەرگە ئیدانە دەکەین
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی بەرگریی عێراق هێرشەکەی دوینێی چەکدارانی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چیای مەتین بە دەستدرێژیکردنێکی ترسنۆکانە و تیرۆریستی وەسف دەکات و ئیدانەی دەکات، راشیدەگەیەنێت کە دەستدرێژکاران بە سزای خۆیان دەگەن.
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایدەگەیەنێت کە ئەو دەستدرێژییە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە ئیدانە دەکات کە هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە رێگای چیای مەتین لە پارێزگای دهۆک لەلایەن هێزێکی چەکداری دەرەوەی عێراق هێرشیان کراوەتەوە سەر.
وەزارەتی بەرگریی عێراق جەخت دەکاتەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکی دانەبڕاون لە هێزە چەکدارەکانی عێراق و هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئەو هێزانە رەتکراوەیە و مایەی قبوڵکردن نییە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە"هەروەها رایدەگەیەنین کە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەستی پێکردووە و هەر دەستدرێژیکارێکی سەر عێراقییەکان و ئارامی و ئاساییشیان بە سزای خۆی دەگات، لە هەمان کاتدا سەرەخۆشی لە خانەوادەی هەر پێنج پێشمەرگە شەهیدەکە دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارنەکان دەخوازین".
وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بە ئەوەش داوە کە هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سەرجەم پێکهاتە و ناوەکانیانەوە بەرپرسن لە سەپاندنی سەروەریی نیشتمانی بەسەر سەرجەم خاکی عێراق و رێگەپێدراون کە بەرپەرچی هەر پێشێلکارییەکی ناوخۆیی و دەرەکی بدەنەوە و هەر دەستدرێژیکارێکیش بە سزای خۆی دەگات.