وەزارەتی دەرەوەی عێراق: سێ هەزار و 500 کۆچبەر لە بێلاڕووس گەڕاونەتەوە
پەیامی کورد … وەزارەتی دەرەوەی عێراق: سێ هەزار و 500 کۆچبەر لە بێلاڕووس گەڕاونەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، تا ئێستا سێ هەزار و 500 کۆچبەر لە بێلاڕووس گەڕاونەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12-12-2021، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە: بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران کە لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە.
ئەحمەد سەحاف هەروەها رایگەیاندووە: تا ئێستا بە نۆ گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی مینسکی پایتەختی بێلاڕووسەوە، زیاتر لە سێ هەزار و 500 کۆچبەر گەڕێندراونەتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان.
هەزاران کۆچبەری نایاسایی کە زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، لە بێلاڕووسەوە هەوڵی چوونە ناو خاکی پۆڵەندا دەدەن و هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی پۆڵەنداش رێگرییان لێ دەکەن.
بێلاڕووس کە هاوپەیمانی رووسیایە، کێشەی پەنابەران وەک چەکێک دژی یەکێتیی ئەوروپا بەکار دەهێنێت کە پۆڵەندا ئەندامە لەو یەکێتییە.