وەزارەتی خوێندنی باڵا: لەم چەند ڕۆژەدا دەست بە دابەشکردنی دەرماڵە دەکرێت
پەیامی کورد... وەزارەتی خوێندنی باڵا: لەم چەند ڕۆژەدا دەست بە دابەشکردنی دەرماڵە دەکرێت
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، "ڕێکارەکانی دابەشکردنی پاڵپشتی دارایی خوێندکاران تەواو کراون و لەم چەند ڕۆژەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".
عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لە وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرجەم ڕێکارە کارگێڕی و یاساییەکانی دابەشکردنی پاڵپشتی دارایی خوێندکارانی زانکۆ تەواو کراون، لیستی ناوی خوێندکارانیش ئاراستەی بانکەکان کراوە بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی بکرێت".
ئاماژەی بەوەشداوە، "لەم چەند ڕۆژەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و هیوادارن لە بانکەکان کێشەیان بۆ دروست نەکرێت و بەزویی پاڵپشتیەکە بگەیەندرێتە دەستی خوێندکاران".
پێشتریش دکتۆر ڕەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاندبوو، " ڕێکارەکانی دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران تەواو بووە و ئەمڕۆ لە زانکۆی سلێمانی دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران دەستپێدەکات".
جێگەی باسە، بەپێی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیابوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەست بە خەرجکردنی دەرماڵەی قوتابییان بکرێت، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.