وەزارەتی ناوخۆ لەسەر پلانی چوار ساڵەی ھاتوچۆ كۆدەبێتەوە
پەیامی کورد ... وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سەرقاڵی ئامادەكردنی پلانی چوار ساڵەی كەرتی ھاتوچۆیە، بەرپرسێكی ھاتوچۆش ئاشكرای كرد، زیاتر لە سەد پڕۆژە ئامادە كراون و دەشڵێ، یاسای ھاتوچۆ ھەموار دەكرێتەوە.
عەقید ئەسعەد مەلا كەریم، بەڕێوبەری پلاندانانی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاند: "دوای ئەوەی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێم پێك ھات و داوای پلانی چوار ساڵەیان كرد، بەڕێوەبەرایەتییەكانی ھاتوچۆ دەستیان بە ئامادەكاری كردووە و تا ئێستایش سەد پڕۆژە بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی ھاتوچۆ ئامادە كراون، ئەمڕۆش لە وەزارەتی ناوخۆ كۆبوونەوە لەبارەی پلانی چوار ساڵەی ھاتوچۆ بەڕێوە دەچێت".
ئەو بەرپرسەی ھاتوچۆی ھەرێم دەشڵێت: "ھەر پارێزگایە و چەندین پڕۆژەی ئامادە كردووە بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی ھاتوچۆ، ھەر پڕۆژە و بڕیارێكیش لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و كەرتی ھاتوچۆدا بێت، ئەوە لە بەرچاو دەگرین و دەخرێتە پلانی چوار ساڵەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".
مەلا كەریم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە دەمانەوێت چەندین گۆڕانكاری لە كەرتی ھاتوچۆدا بكەین، ئەوەش لە پێناو سەلامەتی و رێكخستنی كەرتەكە".
لەبارەی ھەمواركردنەوەی یاسای ھاتوچۆی ھەرێم، عەقید ئەسعەد مەلا كەریم روونی كردەوە: "یاسای ھاتوچۆ ھەموار دەكرێتەوە و كار بۆ ھەمواری یاساكە دەكەین، بەڵام پێویستی بە ھەماھەنگیی نێوان ھەرێم و بەغدایە، چونكە ھاتوچۆ كەرتێكی گشتی گرینگە و زۆر خاڵی ھاوبەش ھەن، ھەروەھا بۆ ھەئەوەی خاڵی دژی تێدا نەبێت لەگەڵ یاساكەی بەغدا، لەگەڵ پەرلەمانی عێراق دانووستان دەكرێت و دواتر یاسای ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە ھەموار دەكرێتەوە".