ڕوفاتی ١٧١ ئەنفال کراو دەهێنرێنەوە هەرێمی کوردستان
پەیامی کورد... ڕوفاتی ١٧١ ئەنفال کراو دەهێنرێنەوە هەرێمی کوردستان
عادل ساڵح بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، بڕیارە شاندێکی وەزارەتەکەیان بۆ هێنانەوەی ڕووفاتی ١٧١ ئەنفالکراو، سەردانی بەغدا بکەن.
عادل ساڵح لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، بڕیارە بەم نزیکانە شاندێکی وەزارەت بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزیر و ئەندامێتی ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەت سەردانی پزیشکی دادی بەغدا و دەزگای شەهیدان و چەند دامەزراوەیەکی دیکە بکەن.
ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەوەش بەمەبەستی هێنانەوەی ڕووفاتی ئەو ئەنفالکراوانەی، کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە بیابانەکانی سەماوە لە باشووری عێراق دەرهێنران و ژمارەیان ١٧١ ڕوفاتە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان جەختی لەوەش کردووەتەوە، شاندەکە دەیەوێت بچێت بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنەکانی هێنانەوەی ئەو ڕووفاتانە، کە ماوەی ٣ ساڵێک دەبێت لە بەغدا هەڵگیراون.