ئەوقاف لەبارەی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان ڕوونکردنەوە دەدات
پەیامی کورد... ئەوقاف لەبارەی دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان ڕوونکردنەوە دەدات
ڕوانگەی ئەستێرەناسی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند ڕۆژی ٢-٥- ٢٠٢٢، یەکەم ڕۆژی جەژن دەبێت لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی، بەڵام وەزارەتی ئەوقاف ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت: " هیچ ڕۆژێک دیاری نەکراوە".
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە لێدوانێکدا بە ڕاچڵەکین-ی ڕاگەیاند، هیچ ڕۆژێک دیارینەکراوە بۆ جەژن و ئەو ڕۆژانەی دیاریکراوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە و لیژنەی باڵای بینینی مانگ بڕیاری کۆتایی دەدات لەسەر دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان.
وتیشی: " ڕۆژی ٢٩ی ڕەمەزان لیژنەی باڵای بینینی مانگ کۆ دەبێتەوە و بڕیار لەسەر دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژن دەدات".
ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ ڕوانگەی ئەستێرەناسی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، مانگی شەوالی ساڵی ١٤٤٣ی کۆچی لە ڕۆژی شەممە ٣٠ -٤- ٢٠٢٢ دەردەکەوێت، بە تەواوی لە کاتژمێر ١١: ٢٨ خولەکدا لە کاتی سعوودیە، بۆ بەڵام بە چاو نابینرێت، بۆیە ڕۆژی یەکشەممە ١-٥-٢٠٢٢، تەواوکاری مانگی ڕەمەزان دەبێت و ڕۆژی دووشەممە ٢-٥-٢٠٢٢، یەکەم ڕۆژی جەژن دەبێت لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی.