TR KU SO
FB X
Kurdistan

گەورەترین پردی عێراق لە چەند ڕوژی داهاتوودا دەکرێتەوە

سارا
Yazar
📅 14 Temmuz 2019 16:00

 پەیامی کورد    ...     گەورەترین پردی عێراق لە چەند ڕوژی داهاتوودا دەکرێتەوە .

رێگای گوێڕ- مووسڵ، كە لە رێگەی پردێكی درێژەوە دەست پێدەكات، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بكرێتەوە، بەڕێوبەری شارەدێی گوێڕی سەر بە قەزای مەخمووریش ئاشكرای كرد، پردی گوێڕ گەورەترین پردی عێراقە و پارێزگای مووسڵ بە پارێزگاكانی دیكەی عێراقەوە دەبەستێتەوە.

مەسعوود نووری، بەڕێوبەری شارەدێی گوێڕ، رایگەیاند: "لەگەڵ ھێرشی تیرۆریستانی داعشدا، پردی گوێڕ وەك گەورەترین پردی عێراق بەشێكی تەقێندرایەوە و زیانی زۆری بەر كەوت، لە دوای دەستپێكردنی شەڕی داعش و دواتر ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، رێگای گوێڕ- مووسڵ گیراوە، بەڵام كەوتووینەتە خۆئامادەكردن بۆ كردنەوەی رێگاكە و بڕیارە لە چەند رۆژی ئایندەدا رێگای گوێڕ- مووسڵ بە ڕووی ھاووڵاتیاندا بكرێتەوە".

بەڕێوبەری شارەدێی گوێڕ دەشڵێت: "پردی گوێڕ، كە پارێزگای مووسڵ بە شارەكانی دیكەی عێراقەوە دەبەستێتەوە، درێژییەكەی ھەزار و ٣٥٠ مەترە و گەورەترین پردە لە عێراق، كە كردنەوەی پردەكە، سوودێكی زۆری ھەیە بۆ دانیشتووانی مووسڵ و ھەموو عێراق، چوونكە رێگایەكی بازرگانیی گرینگیشە و بە كردنەوەی ھاتووچۆی نێوان قەزای مەخموور و مووسڵیش دەست پێدەكاتەوە".

مەسعوود نووری ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لەگەڵ كردنەوەی رێگای گوێڕ- مووسڵ، دەست بە پڕۆسەی نۆژەنكردنەوەی پردی گوێڕ دەكرێت و پێنج ملیار دیناری عێراقی بۆ نۆژەنكردنەوەی پردەكە خەرج كراوە، كە بە ھۆی شەڕی داعشەوە زیانی بەركەتبوو".

Paylas: