TR KU SO
FB X
Kurdistan

" کورد چەند بژاردەیەکی لە پێشە، بەرامبەر سیاسەتەکانی بەغدا"

📅 03 Mart 2018 15:10

پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عیراق بژاردەكانی كورد بەرامبەر حكومەتی عیراق ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، كە دەبێت پەرلەمانتارانی كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن.

 

موحسین سەعدون، ئەندامی پەرلەمانی عیراق ڕاگەیاند، ئەگەر بودجە بەبێ‌ جێبەجێ‌ كردنی خواستەكانی كورد سەبارەت بە پشكی هەرێم تێپەڕێنرێت و دۆسیەی قەدەغەی سەر گەشتە ئاسمانیەكانی هەرێم چارەسەر نەكرێت، ئەوا پەرلەمانتارانی كورد چەند بژاردەیەكیان لەبەردەستدایە.

ڕاشیگەیاند، كە دۆسیەی بودجەی هەرێمی كوردستان و فڕۆكەخانەكان پەیوەست نیین بە حزبێكی دیاریكراوەوە، بەڵكو پەیوەستن بە گەلی كوردستان، بۆیە ئەو فراكسیۆنە كوردیانەی لە بەغدا-ن پێویستە بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان بكەن و یەك بڕیار بدەن.

سەبارەت بە بژاردەكانی كورد بەرامبەر بەغدا ڕوونی كردەوە، كە پەرلەمانتارانی كورد دەبێت بەیەكگرتوویی بڕیاربدەن بۆ بایكۆت كردنی پەرلەمان یان پەنابردن بۆ دادگای فیدڕاڵی یان كشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی عیراق.

موحسین ئاماژەی بەوەشكرد، كە دەبێت بڕیاری هاوبەش بدرێت، نەك بڕیاری حزبێكی دیاریكراو، چونكە ئەو دۆسیانە پەیوەستن بە كەرامەتی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

پێشتر، سەعد حەدیسی، وتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند، كە چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێم زۆر گرنگە و وتیشی، “خولێكی دیكەی لیژنە هاوبەشەكان بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی داخستنی فڕۆكەخانەكان بەم زووانە دەستپێدەكات”.

Paylas: