کورد چیتر ناتوانن لە نادیاری دا بژین
پەیاما کورد- هەڵبژاردنەکانی 24ی حوزەیران لە تورکیا کۆتایی پێهات. رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرکەوت بەسەر رکابەرانی و بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا و هەدەپەش بە بەدەستهێنانی 5 ملیۆن و 867 هەزار و 564 دەنگ، بە رێژەی لەسەدا 11.70 وەک پارتی سێیەم چووە پەرلەمان. لەکاتێکدا کە باری نائاسایی لە تورکیادا درێژەی هەیە، بابەتی ئەوە مایەی گفتوگۆیە کە ئەم دۆخە چەندە تەندروستانە دەبێت.
کوردان کە رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردن دەبینن، لە جوگرافیای کورددا دەنگەکانیان لە پشتیوانیی دەمیرتاش و هەدەپە بەکار هێنا و بەمجۆرە بڕیاری خۆیان بۆ کێشەی کورد و نوێنەرایەتیی کوردیش لە پەرلەمان دا.
حەسیب کاپڵان، پەرلەمانتاری پێشووی شرناخ کە لەبارەی هەڵبژاردن و کێشەی کورد و چەند بابەتێکی دیکە قسەمان لەگەڵ کرد، دەڵێ:"کوردان کە گەورەترین خەڵکی بێ دەوڵەتی سەدەی 21'ن، ئیدی رێگەی تێناچێت بە بێ ستاتۆ بژین. پێویستە هەموو جیهان ئەمە لەبەرچاو بگرن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە''.
لە تورکیادا هەڵبژاردنەکان کۆتاییان پێهات. هەموو ئەو دەسەڵاتە راپەڕاندنانەی سەر بەم سیستمەن بۆ سەرۆککۆمار گواسترانەوە. لەکاتێکدا کە باری نائاسایی بەردەوامە ئێوە چۆن راڤەی ئەم دۆخە دەکەن؟
دوای رێفراندۆم سیستمی سەرۆکایەتی هێندرا. بەڵام بابەتی ئەمە نەخرایەڕوو و نەکرایەوە کە سیستمەکە چۆن دەبێت. واتا ئەمە وەکو بابەتێکی تازەش نەخرایە باس، بۆ بوونی ئەمە چەند بەندێک لە دەستووردا پێویستە بگۆڕدرێن، پێویستە رێکاری نێوخۆیی گۆڕانکاریی بەسەردابێت بەڵام ئەمانە نەکران. هاوکات دەبێ لە پەرلەماندا بە شێوەیەکی فیزیکی دەستەی گشتی جێگۆڕکێیان پێبکرێت. ئیدی بەگوێرەی ئەوەی کە حکومەت لە پەرلەماندا نابێت، پێویستە ئەو پێگەیە هەڵبگیردرێت کە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی لێبوو، خۆ پێگەی سەرۆککۆمار لە سەرەوە هەیە و ئەو چاودێری دەکات. لەکاتێکدا کە ئەو سەرۆکی پارتە، پێویستە ئەو پێگەیەش هەڵبگیردرێت. بۆ نموونە بە هەمان شێوە لە پەرلەمان ژووری وەزیرەکان و سەرۆککۆمار هەبوون، کە نوێنەرایەتیی راپەڕاندن دەکەن، پێویستە هەموو ئەمانە دابخرێن. واتا راپەڕاندن نابێت کە نێو پەرلەماندا هەبێت، چونکە پەرلەمان ئیدی نوێنەرایەتیی یاسادانان دەکات. بەڵام گرنگترین شت کە هەڵگیرا بەدواداچوون بوو، واتا پرسیاری راشکاوانە ئاراستەی وەزیرەکان ناکرێت و لیکۆڵینەوە لەبارەیانەوە ناکرێت. بۆ ئەوەی لێپرسینەوەشیان لەگەڵدا بکرێت دەبێت 301 واژۆ کۆبکرێتەوە. واتا لێرەدا راپەڕاندن لە دۆخێکدایە کە ناتوانێ لێپرسینەوە بکات. لەمەودوا ئیدی سەرۆککۆمار دەبێتە سەرکاری راپەڕاندن. پێگەی سەرۆکایەتیی وەزیران هەڵدەگیرێت، لە شوێنی ئەودا سەرۆککۆمار وەکو سەرۆکی دەوڵەت، بەگوێرەی روونکردنەوەکانی خۆی، ئەنجوومەنێکی وەزیرانی 16 کەسی (لە ناو ئەوانەی پەرلەمانتار نین، یاخود پەرلەمانتاریشن،هەڵدەبژێرێت بەڵام ئەوان دەبێ دەستلەکار بکێشنەوە ) لەمە زیاتر رێگەیەکی دیکە نییە، رێگەیچارەی هەنووکەیی بەمشێوەیەیە. بەڵام سیستمی سەرۆکایەتیی تورکیا، سیستمێکی سەرۆکایەتیی ئۆتۆکراتییە. لە سەرۆکایەتیی دەوڵەتەکانی باشوور و ئەمریکای لاتین دەچێت. بەمشێوەیەیە پوختی بکەینەوە، لە ئەمریکاشدا سەرۆکایەتیی دەوڵەت هەیە بەڵام لەوێ هێزە جیاکراوە وردبینەکان هەن، کەچی لای ئێمە هێزە یەکگرتووە وردبینەکان هەن. رێک بە پێچەوانەوەیە، لە ئەمریکا سەرۆکی دەوڵەت ساڵانە یەک جار (بە مەبەستی پێشکەشکردنی وتاری کردنەوە) دەچێتە کۆنگرێس و بەر لە چوونی بۆ ئەوێ تەواوی پرۆژەکانی دیداری بودجە و پرۆژە یاساکان ئامادە دەکات ئنجا دەینێرێتە کۆنگرێس. لەکاتێکدا کە کۆنگرێس ئەمە قەبوڵ ناکات، کێشە دروست دەبێت. واتا لە ئەمریکادا راپەڕاندن رێگە بە یاسادانان نادات، یاسادانانیش رێگە بە راپەڕاندن نادات. هەروەها یاسادانان و راپەڕاندن بە هیچ شێوەیەک رێگە بە دادگەری نادەن. لای ئێمە رێک پێچەوانەیە، حکومەت دەسەڵاتی دامەزراوەی باڵای دادوەران و داواکارانی گشتیی لەدەستدایە و دادگەریش لە ژێر فەرمانی ئەواندایە. واتا دادگەری سەربەخۆ نییە. لە سەرووی راپەڕاندندا سەرۆککۆمار هەیە. پارتەکەی ئەو لە پەرلەماندا دەنگی زۆرینەی هەیە ولەم روانگەیەوە یاسادانانی پەرلەمانیش لە ژێر فەرمانی ئەواندایە، ئەمە کردی دوو دادگەری. ئەسڵەن خۆشیان راپەڕاندنن. لەمەشدا یەکێتیی هێزەکانیان جێی باسە. کە بارەکە بەم جۆرە هیچ سیستم و هاوکێشەیەک نییە وەکو ئەمریکا. لەبری ئەوە شەریکایەتیی هاوپەیمانێتییەک هەیە کە لەپێناوی بەرژەوەندی پێکهێندراوە. ئاکەپە بەهۆی ئەوەی نەیتوانی 301 کورسیی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، مەهەپە بە 40 کورسییەوە پاڵپشتیی دەکات کە ئەمە سیستمی هاوکێشەیی نییە بەڵکو سیستمێکی گەوجانەیە. واتا لەکاتێکدا کە دەسەڵات نەیتوانی دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت، هاوبەشانی هاوپەیمانێتیی بچووکەکان پشتیوانی دەبن. هەرکاتێک باری گران بوو بەپیرییەوە دەچن. ئەمە وەکو سیستمی سەرۆکایەتیی فەرەنساش نییە. چونکە لەوێدا ئەنجوومەنی پیران هەیە. پەرلەمان یاسا دادەنێت. ئەو کاتێک پێیوابوو یاساکان کۆکن لە گەڵ دەستوور دەچێتە ئەنجوومەنی پیران. بۆ نموونە لەوێ وەزیر تا بەیانی دادەنیشێت، لەپێناوی تێپەڕکردنی پرۆژەیاسایەک بەڵام لێرە وەها نییە.
بەپێی هەندێک لە بۆچوونەکان بەشێکی دەنگەکانی هەدەپە (لەپێناوی تێپەڕکردنی بەربەستی پەرلەمانی) لە جەهەپەوە هاتووە. بەڵام بەپێی ئەو ئەنجامانەی لە راگەیاندنەکانەوە هەیە، لە ناوچە کوردنشینەکانیشدا هەدەپە لە پێشەوەیە. بەڕای ئێوە دۆخێکی وەها هەیە؟
بەڵێ، دۆخێکی وەها هەبوو. موحەڕەم ئینجە بەم دواییە میتینگی گەورەی ئەنجامدا، لە دژی سیستمی سەرۆکایەتی و بۆ بەرگری کردن لە سیستمێکی پەرلەمانتاریی دیموکراسی، بەتایبەتی لە دووەم خولی هەڵبژاردندا باسی بەیەکەوە هەنگاونانی هێنابووە پێشەوە. بەم هۆیەوە پارتەکە لە رۆژئاوادا دەنگەکانی زیادیان کرد. چونکە لە هەل و مەرجی باری نائاساییدا، دەسەڵات لە باشوور و باشووری خۆرهەڵات (باکووری کوردستان)دا لەڕێی پۆلیس، سەرباز، والییەکانەوە فشاری دروست کرد. هاوکات بینیمان دەنگەکانی مەهەپە سەدا 300 زیادیان کرد، هەرکە مەهەپە ئەو پارتە نییە کە لەم ناوچانەدا دەنگی زیاد بکات. لەم رووەوە زۆر روون و ئاشکرایە کە دەنگی هەدەپە لەم ناوچانە دزراوە و لە ژێر چاودێری و حوکمی پۆلیس و سەرباز و گوندپارێزان دەنگ بۆ مەهەپە زیادکراوە. لە ئەنجامی ئەمە لە هەکاری و شرناخدا هەدەپە کورسییەکی لەدەستدا. ئەمە شتێک نییە کە رێگەی تێبچێت. واتا هەدەپەیەک کە لەوێ لە سەرووی سەدا 70 دەنگی هەیە، پەرلەمانتاری کەمدەبێتەوە. ئەگەر هەدەپە بەربەستی تێپەڕ نەکردایە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەنگەکانی بۆ ئاکەپە دەڕۆیشتن. ئەمەیش ئەنجامێکی هەڵبژاردنی بێ واتای لێ دەکەوتەوە. جا لەپێناوی ئەوەی هەدەپە بەربەست تێپەڕبکات، چەند دەنگێکی ستراتیژی دران. لە ئەنجامی ئەوەش دەینین بەشێک لە دەنگەکان بۆ ئینجە دران. ئەگەرنا رێژەی دەنگی دەمیرتاش لە سەرووی پارتەکەیەوە بوو. بەڵام بەتایبەتیش لە ئەنجامی ئەو فڕو فێڵانەی کران، دەبینین کە دەنگەکانی دەمیرتاش کەمبوونەتەوە. ئایا ئەم کەمبوونەوەیە لە ئەنجامی چوونی دەنگەکانە بۆ کاندیدێکی دی؟ لە راستیدا پێویستە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەمە بکرێت.
بەڕێز کاپڵان لە روونکردنەوەیەکتدا دەڵێیت ''لە کۆنگرەی هەدەپەدا نەکا تورکێک چاو ببڕێتە پێگەی دەمیرتاش، ئەمە پێشنیازی راشکاوانەی منە. هەر کەسێک با سنووری خۆی بزانێت'' لە هەدەپە باڵی کوردی زۆرینە نییە. لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا و لەم دۆخەدا چی دەڵێیت لەمبارەیەوە؟
من ئێستا کەسێکم سیاسەتی ریێڵی (حەقیقی) دەکەم. هەدەپە سەدا 90'ی دەنگەکانی لە کورد وەردەگرێت. ئەگەر ئەم پارتە لە سۆسیۆلۆجییەکی راستەقینەی وەهادا بچێتە کۆنگرە، من بووایەم لەبارەی سەرۆکێک کە هێشتا سزاکەی دیار نییە، دەمگوت من هاوڕێکەم لەو تاریک و تنۆکییە بە تەنیا جێناهێڵم. لەبەر ئەمە گوتم با کەس چاو نەبڕێتە پێگەی ئەو. ئەگەرنا لای ئێمە سیستمی هاوسەرۆکایەتی هەیە. دەکرا کوردێک و تورکێک یان پێکهاتەیەکی دی هەبێت. بەڵام بەداخەوە ئەوکاتە بەرگەی رەخنەیەکی بچووکی من لە پارتەکە نەگیرا، ئەوەبوو بابەتەکەم داخست. لە قۆناغی داهاتوودا هەڵبژاردنەکانی شارەوانیمان لەپێشە کە پێموایە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ دانانی کاندیدانێکی پەسندکراو لەلایەن خەڵکەوە، سوودی هەبێت. واتا هەڵبژاردنی پێشوەختە رێگەیەکە نیگەرانییەکان کەم دەکاتەوە. ئێمە ئەمەمان لە شرناخ جێبەجێ کردبوو و خەڵک رازی بوو لێی. من دوو جار کاندید کرام و وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ هەڵبژێردرام، هەردوو جارەکەش سەرکەوتم بەم شێواز. ئەمانە گرنگن. بەهۆی ئەوەی لای ئێمە دوو قۆناغی تیروپشکی هەیە، سیاسەتمان بۆ 7ی حوزەیران جێهێشت. ئێستا بەرەو هەڵبژاردنی ناوخۆیی (شارەوانیەکان) دەچین. بمانەوێ و نەمانەوێ لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا داینەمیکی خۆجێی گرنگە و بابەتێکی وەها دەبێتە جێی باس.
ئێوە گوتتان، ''لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیدا پێویستە پارتە کوردییەکان لە ئاستێکی هاوبەشی بنەماییدا هاوپەیمانییان هەبێت. وانە لە هەڵەکانیان وەربگرن و ستراتیژیەتێکی دروست پەیڕەو بکەن. بەمجۆرە دەتوانن هەڵبژاردنەکان بکەن بە وەچەرخانێکی باش بۆخۆیان '' ویستتان لەگەڵ وشەی وەچەرخان چ شتێکی دی بڵێن؟
واتا گەورەترین وەچەرخان و گەڕانەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار و پەرلەمان، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانە. قەییوم دانراون، ئیرادەی گەل بە هیچ ئەژمار کراوە. هاوسەرۆکەکان دەستبەسەر کراون (ئێستاش کەسانێکی زۆر لە گرتووخانەکاندان) واتا بۆ فەراهەمکردنی ئەم وەچەرخانە، هەروەها بۆ ئەوەی بڵێیت من گەورەترینم لەوێدا و زیاتر لە سەدا 50ی دەنگەکان دەهێنم، وای بۆ دەچم کە سوود لەوەدابێت لەگەڵ پارتە کوردییەکانی دیکە و سیاسەتوانان و پلاتفۆرمەکان و ریزی سڤیل راوێژکاری بکات و وەکو گەورەترین هێزی یەکێتی بچێتە هەڵبژاردن.
هاوپەیمانێتیی هەدەپە و پارتە کوردییەکان بووە رۆژەڤ بەڵام ئەم هاوپەیمانێتییە نەبەسترا. بەڕای ئێوە هاوپەیمانێتیی کورد ئەنجامی سوودبەخشتری لێنەدەکەوتەوە؟
واتا بە شێوەیەک هاوپەیمانێتی فەراهەم بوو و چەند لایەنێکیش بێ هاوپەیمانێتی پاڵپشتیی هەدەپەیان کرد. بەڵام ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە ئەمە بگۆڕدرێت بۆ هاوپەیمانێتییەکی پرەنسیپی. واتا ئەمە بابەتێک نییە کە لەسەر مامەڵەکاریی پەرلەمانتار و سەرۆکی شارەوانی بکرێت. پێویستە لەسەر بنەمای توانای کار هەنگاو بندرێ. دانانی ئەو کاندیدانەی لەلایەن خەڵکەوە خۆشدەویسترێن، زیادکردنی ئەنجوومەن بۆ نا؟ دواجار هەزاران کەس هەڵدەبژێردرێن. بۆچی بڵێم تا هاوسەرۆک شارەوانییانی دیاربەکر هەبن با پێکهاتەکانی دیکە نەیەن، بۆ نەیەن؟ من پێموایە ئەم رێگەیە سوودی باش دەگەیەنێت.
هەدەپە ئیدی لە پەرلەماندا پێگەی سێیەم پارتی گرتووە، بەڕای ئێوە لەم قۆناغەدا چۆن لە مەسەلەی کورد نزیک دەبێتەوە؟
واتا ئێستا کە دەسەڵات هەڵوێستی دیارە و هاوبەشی پارتێکی نەتەوەپەرست و نەژادپەرستە، لە داهاتوێکی نزیکدا ئومێدی چارەسەرێکی وەهای لێوە نابیندرێت. بەڵام مێژوو بە ئێمەی نیشاندا کە تەنانەت لە کاتی بوونی پێکدادانی سەختیشدا دیدارەکان سازکران و بەرەو چارەسەری هەنگاو نرا. پێویستە چارەسەرێکی بنەبڕ و یەکجارەکی بۆ کێشەی کورد بدۆزرێتەوە. واتا 50 ملیۆن کورد لە خۆرهەڵاتی ناویندا دەژی، لەلایەک دەڵێیت برایەتیی هەزار ساڵە و لەلایەکی دی لە عێراق و سووریا و ئێران و تورکیادا دوژمنایەتییان دەکەیت. ئەمە هیچ بۆ تورکیا دەستناخات و ئەم دوژمنکارییە هەمووان تووشی دۆڕان دەکات. لەم نێوەندەدا گرنگترین شت ئەوەیە کە چارەسەری دیموکراسیانە و ئاشتیانە بێتە کایەوە. بەجۆرێک رێز لە کەلتوور و ناسنامە و ئازادیی هەمووان بگرێت. کوردان کە گەورەترین خەڵکی بێ دەوڵەتی سەدەی 21'ن، ئیدی رێگەی تێناچێت بە بێ ستاتۆ بژین. پێویستە هەموو جیهان ئەمە لەبەرچاو بگرن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە. ئەم چارەسەرەش لە هەر رەهەندێکییەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە. بۆ چارەسەری تورکیا بۆ نموونە قۆناغەکانی چارەسەر هەن. ئێمە ئەو قۆناغانە دەزانین بەڵام ئەوەتا سزای 8-10 ساڵ دەدرێتە ئەو ئازادی قسەکردنەی ئەوکات. واتا حکومەت بە تایبەتی (سەرۆککۆمار) نابێت بکەونە ئەم بۆسەیە. لە خۆرهەڵاتی ناویندا شەڕ لەگەڵ کوردان دەیدۆڕێنێت، ئاشتەواییش دەیباتەوە.
بەڕێز کاپڵان دەیانگوت ئەگەر هەدەپە بیدۆڕاندایە کورد دەیدۆڕاند. چۆن راڤەی ئەمە دەکەی کە هەرکات بگوترێ هەدەپە، کورد بە هزرەکاندا بێت و بناغەی برایەتی بە سیستماتیک بکرێت؟
بێگومان وایە. ئەگەر هەدەپە بەربەستی تێپەڕنەکردایە دەیانگوت سەیرکەن کورد نەیتوانی بەربەست تێپەڕبکات. تا کۆتایی، مافەکانی برایەتیی گەل… ناسنامە و کەلتووری جیاوازی گەلانی میزۆپۆتامیا، هەروەها بیرو باوەڕیان، راستییەکە کە هەموومان دەیزانین. ئەمەیش راستییەکە و دەیزانین کە خەڵکی ئەنادۆڵیش ئەم جیاوازییەیان قەبوڵ بووە و داڵدەیان داوە. بەڵێ ئێمە برایەتیی گەلانمان لە ژێر متمانە و ئاسایشی بنەمای دەستوور دەوێت و ئەمەیە چارەسەر.