وردبینی لەلسیتی مووچەی وەزارەتێکی دیکە کۆتایی ھاتووە
بەرپرسێکی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی ھەرێم روونکردنەوە لەبارەی چارەنووسی ژمارەیەک لەفەرمانبەرانی وەزارەتەکەی دەدات کە لەئێستادا لەکەرتی تایبەت کاردەکەن، ئاشکراشیدەکات کە وردبینی لەلیستی مووچە و میلاکی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی و ھەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی کۆتاییھاتووە.
ئومێد محەمەد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە، کە وردبینی لەلیستی مووچەی فەرمانبەران لەزۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بەوەزارەتەکەیان کۆتاییھاتووە، جگە لەوەش ئەو وردبینیە بۆ سەرجەم کارمەندانی ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێرو سلێمانیش کراوەو ھیچ گرفتێکیان نەبووە".
دەشڵێت، تائێستا ھیچ بڕیارێک نەدراوە کە فەرمانبەری فڕۆکەخانەکان میلاکیان بخرێتەسەر حکومەتی عێراق، ئەگەر ھەر ھەنگاوێکی لەو شێوەیەش ھەبێت، پێدەچێت بکەوێتە قۆناغەکانی داھاتووەوەو لەنێوان ھەولێرو بەغدا یەکلابکرێتەوە.
لەبارەی ئەو فەرمانبەرانەشی کە میلاکی وەزارەتی گواستنەوەن و ئێستا بەشێوەی (ئیعارە) لەکەرتی تایبەت کاردەکەن، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن رایگەیاند، کە ئەو فەرمانبەرانە مووچەکەیان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دەدرێت، بۆیە ھیچ گرفتێکیان نییەو لەلایەن لیژنەکانی بەغداشەوە ئەو پرسە ئاسایی بووە.