وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ: چەند ناوچەیەكی هەرێمی کوردستان مەترسی بیابانبوونی لەسەرە
پەیامی کورد... وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ: چەند ناوچەیەكی هەرێمی کوردستان مەترسی بیابانبوونی لەسەرە
كەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو لە هەرێمی كوردستان بەهۆی وشكەساڵی و دروستكردنی بەنداوی زیاتر لە ناو ئێران و توركیا، كاریگەریـیەكی بەرچاوی هەیە لەسەر كەرتی كشتوكاڵ و ژینگەی هەرێمی كوردستان.
حسێن حەمە كەریم وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند:"بەرهەمی گەنم ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوو بە حوكمی ئەوەی وشكەساڵی بووە، بەرهەم كەمە لە چاو ساڵانی ڕابردوو، ساڵی پار 125,000تۆن تەسلیم بە سایلۆكانی وەزارەتی بازرگانی كراوە، بە نزیكەی 20 بۆ 25 تۆنیش تەسلیمی دوو كۆمپانیای ناوخۆیی كراوە، ئەمساڵ پێشبینی دەكەن لە نێوان 300 بۆ 400 هەزار تۆن بەرهەمی گەنم لە هەرێمی كوردستان هەبێت، بە هۆی بارانی نامسۆگەریش لە هەندێك ناوچەی وەك گەرمیان یان باشوری دەشتی هەولێر بە داخەوە بە نزیكی بەرهەم سفر بووە، بێجگە لەو ناوچانەی ئاودراون، بەڵام بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەرهەم كەم بووە، چونكە ساڵ هەبووە زیاتر لە ملیۆنێك بەرهەمی گەنم لە هەرێمی كوردستان بەرهەم هاتووە."
ووتیشی:"بێگومان بە پێی ناوچەكان بە پێی حەزی ناوچەكان جیاوازی هەیە لە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، بەڵام داتایەكی پێویست بۆ دیاری كردنی ڕێژەكەی لەبەردەست نیە، وە بە گشتی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە، بە تایبەت ئەو ناوچانەی نا مسۆگەرن لە ڕووی باران بارینەوە، وەك ناوچەكانی باشوری هەولێر، مەخموور،دیبەگەو گوێر و ناوچەی گەرمیان بەتایبەت كەلار و كفری، هەڕەشەی بە بیابان بوونیان لەسەرە، نەگەشتوینەتە حاڵەتی بە بیابان بوون بەڵام هەڕەشەیان لەسەرە. بێگومان دەبێ كار بكرێت لەسەر ئەوەی چۆن ڕوپۆشی ڕوەكی زیاد بكرێت لەو ناوچانە بە زیاد كردنی دارستان و كشتوكاڵ كردن ئەو هەڕەشەیە كەمتر دەبێتەوە"
سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی حكومەتی هەرێم دەیگرێتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی كەمی ئاو و كاریگەریـیەكانی وشكەساڵی، حسێن حەمە كەریم دەڵێت لە هەر پارێزگایەك دەستنیشانكراوە چی بكرێت بۆ گلدانەوەی ئاوی باراناو و هەروەها پرۆژەی ئەو بەنداوانەی لە ساڵی 2014 وە كاركردن تیایاندا وەستابوو، وا ئێستا بوجەی بۆ دابیندەكرێت و كاریان تێدا دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد:"بە نیسبەت ئەو جوتیارانەی زەرەریان لێكەوتووە، بە تایبەت لە ناوچەی گەرمیان و دەشتی هەولێر كە پشتیان بە باران بەستووە و ناوچەی نا مسۆگەرن، ڕاپۆرتی خۆمان پێشكەشكردووە لەسەر ئەو ئەولەویاتانەی پێویستە بیكەین بۆ قەرەبوو كردنەوەیان بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە بۆ قەرەبوو كردنەوەی جوتیاران، بەڵام ئێمە كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەین."
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هەرێمی كوردستان خاوەنی شەش ملیۆن و 787 هەزار و 264 دۆنمی شیاوە بۆ كشتوكاڵكردن، ساڵانە بە تێكڕا زیاتر لە 3 ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ دادەچێندرێن، بەڵام كەمبوونەوەی بەرهەمەكان بەهۆی وشكەساڵییەوە وایكردووە، جوتیاران ترسیان هەبێت لە داچاندنی زەوییەكان، ئەوەش بە ڕای پسپۆڕان پێویستی بە پلانی تۆكمە هەیە بۆ ئەوەی پشتیوانی جوتیاران بكرێت و ئومێدبڕاو نەبن.