"پارەکە لە هەولێرە، تەنها پێویستی بە فەرمانی عەبادیە"
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە هەولێر ئاشکرای کرد، پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لقێکی بانکەکەیان لە هەولێر ئامادەیە و چاوەڕێی فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە هەولێر رایگەیاند، لقێکی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەولێر هەیە کە بە شێوەیەکی ئاسایی پارەی تێدا دادەندرێت. گوتی: ”لقی هەولێری بانکی ناوەندی ئامادەیە و پارەی بۆ ڕەوانە کراوە، هەر کاتێک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە لەژێر فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیار درا، بانکەکە پارەی لایە و دەتوانرێت مووچەی فەرمانبەران بدرێت“.
عەلاق راشیگەیاند کە تەنیا فەرمانکردن بە خەرجکردنی پارەکە ماوە و ئەو پارەیەی لە بانکەکەشدا هەیە، بۆ هەموو کارەکان کراوە دەبێت.
عەلی عەلاق کە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومەتی عێراق لە هەولێرە، لەبارەی کارەکانی شاندەکەیانەوە ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەمان هەیە لەگەڵ وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەماهەنگیکردن لەبارەی باج و باجی بانکی، تاوەکوو دووجۆر باج وەرگرتن لە نێوان هەولێر و بەغدا نەبێت، ئەمەش کار بۆ کەمکردنەوەی کێشە و گرفتەکان دەکات و کەموکوڕییەکانیش چارەسەر دەکات".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سبەی کار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ ئەم بابەتە کە کارئاسانی بۆ کاری بانکی لە هەرێمی کوردستان.