ڕێـکارەکانی خۆپارێزی تووندتر دەکرێن
پەیامی کورد ... ڕێـکارەکانی خۆپارێزی تووندتر دەکرێن، هەرشـوێن و جێگایەکی بازرگانی پابەندی ڕێنماییەکان نەبێـت، شوێنەکەی دادەخرێت، داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت پابەندی ڕێنماییەکان بن و، دەنگۆی وەستانی هەموو جموجۆڵێک بۆ ماوە ٧٢ کاتژمێر ڕەت دەکرێتەوە.
هێمن قادر، جێگری پارێزگا و ووتەبێـژی ژووری ئـۆپراسیۆنی پارێـزگای هەولێر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا، ڕایگەیاند: "هێشتا مەترسی ڤیرووسی کۆرۆنا کۆتاییی نەهاتووە، پێـویستە هاووڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکان بن، پێـشنیارمان بۆ وەزراتی ناوخۆ بەرز کردووەتەوە، چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆین، هەر بڕیارێک بدرێت جێبەجێ دەکرێت، پێـشبینی دەکەین قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوازی ئێـستا بە گۆڕانکاری لە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و تووندکردنی ڕێنماییەکان، لە کاتژمێر ٦ی ئێوارە تاکو ١٢ی شەو درێژ بکرێتەوە."
هێمن قادر ووتی: "لیژنەکانی پارێزگا بەردەوامن لە گەڕان و بەدواداچوون لەنێو بازاڕ و شوێنە گشتی و بازرگانییەکان، هەرشوێنێک پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی نەبێـت، شوێنەکەی دادەخرێت و تووشی سزا و لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە."
ووتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێـر ووتیشی: "ئەو دەنگۆیەی باسی وەستانی هەموو جووڵەیەک و قەدەغەی تەواوی 72 کاتژمێر دەکات دوورە لە ڕاستییەوە، تەنها پڕۆپاگەندەی چەند لایەنێکە، بڕیار وایە سبەی هەینی ۱/٥/۲۰۲۰ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا کۆ ببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و هەر ڕاسپاردەیەکی وەزارەتی ناوخۆ."
هێمن قادر ئاماژەی بەوەش کرد: "پارێزگای هەولێر، لەژێر گوشاری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرچووە، بەڵام داوا لە هاووڵاتیان دەکەین زیاتر پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن."