TR KU SO
FB X
Kurdistan

چارەنووسی منداڵێکی ٤ ساڵانی کورد و دایکی دوای دەستبەسەر کران نادیارە

Navas Jan
Admin
📅 25 Ekim 2021 15:15

پەیامی کورد … چارەنووسی منداڵێکی ٤ ساڵانی کورد و دایکی دوای دەستبەسەر کران نادیارە

سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لەمانگێک لە دەستبەسەر کرانی منداڵێکی ٤ ساڵان لەگەڵ دایکی کە لەکاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای ئیلامەوە دەستبەسەرکراون، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕینی زیاتر لە یەک مانگ لە دەستبەسەر کرانی ژنێک بە ناوی میترا تەقی پوور تەمەن ٤٠ ساڵ و منداڵە ٤ ساڵانەکەی بە ناوی مێهرسام ڕەسووڵی لە سنووری مێهران، چارەنووسیان نادیارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرباری بەدواداچوونی بەردوامی بنەماڵەکانی ڕەسووڵی و تەقی پوور، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم دایک و منداڵە کە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەر (٤ی ئۆکتۆبر) لەلایە  ئیتلاعاتی ئیلامەوە ڕادەستی ئیتلاعاتی سپای ئیسفەهان کراون نادیارە و هەمەش بووەیە هۆی دلنیگەرانی بنەماڵەکانیان.

میترا تەقی پوور بڕوانامەی ماستەری زمان و وێژەی فارسی هەیە و دانیشتووی ئیسفەهانە کە ڕۆژی هەینی ٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٢٤ی سێپتامبری ٢٠٢١) لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە سنووری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.

پێشتر هەنگاو لە زاری یەکێک لە نزیکانی ئەم ژنە ڕایگەیاندبوو: “ میترا و منداڵەکەی بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام لێپرسینەوەیان لێکراوە و شەوانە ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کراون.”

جێگای ئاماژەیە کە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفوونی بنەماڵەی تەقی پووری لە دەستبەسەر کرانی کچەکەیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام کاتێک بنەماڵەکەی سەردانی ئیلامیان کردووە پێیانیان ڕاگەیاندووە کە میترا تەقی پوور و منداڵەکەی ٨ ڕۆژ لێرە بوون و دواتر ڕادەستی ئیتلاعاتی سپای ئیسفەهان کراون.

بنەماڵەی میترا و هەروەها بنەماڵەی هاوژینەکەی لەو ماوەیەدا چەندین جار داوایان کردووە کە منداڵە چوارساڵەکەی میترا ڕادەستی ئەوان بکرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ناوەندێک لەوبارەوە وڵامیانی نەداوەتەوە.

حامید فەرەهمەند چالاکی بواری مافەکانی منداڵان تویتێکی لەمبارەوە بڵاوکردووەتەوە و وتوویە: “بە پێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیش دەستبەسەرکانی مێهرسام ڕەسووڵی تەمەن ٤ ساڵ نایاساییە و دەبێ دەستبەجێ ئازاد بکرێت. درێژەدان بە دەستبەسەر کرانی ناوبراو جیا لەوەی کە بیانهەوێ لەڕێگای ئەو منداڵەوە گوشار بخەنە سەر دایکەکەی هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

 

Paylas: