TR KU SO
FB X
Kurdistan

پارێزگاری هەولێر ڕاگەیندراوێک بڵاو دەکاتەوە و هۆشداری دەدات

سارا
Yazar
📅 09 Haziran 2020 16:46

پەیامی کورد      ...    پارێزگاری هەولێر ڕاگەیندراوێک بڵاو دەکاتەوە و هۆشداری دەدات

پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند : ھەندێك كەس و لایەن پرسی ڤیرووسی كۆرۆنایان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی كرد و دۆخەكەیان بە ئێستا گەیاند.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەھۆی جیددی بوونی حكوومەتی ھەرێم لە قۆناغی یەكەمدا توانیمان تاڕادەیەكی باش كۆرۆنا كۆنترۆڵ بكەین، سەرۆكی حكوومەت رۆژانە خۆی چاودێری دۆخەكەی دەكرد و لەسەر خەت بوو، بەڵام بەداخەوە ھەندێك كەس و لایەن ئەم پرسەیان بە سیاسی كرد و تێكەڵی ململانێی سیاسیان كرد، وایانكرد ئێستا دۆخی ھەرێمی كوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی بڕوات، ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات و خەڵك بە تەواوی رێكارەكانی خۆپارێزی نەگرنەبەر بەرەودۆخێكی خراپتر دەڕۆین".

ووتیشی: "كاتی ئەوەھاتووە خەڵك لەوانە بپرسێت كە تا دوێنێ ئەو پرسەیان تێكەڵی ململانێی سیاسی كرد، دەیانگوت ئەم ڤیرووسە بۆ ئەوەیە خۆپیشاندان لە ھەولێر نەكرێت و مووچە دابەش نەكرێت، ئەمانە بوون دۆخەكەیان بە ئێستا گەیاند و ئێستا لە زۆربەی قەزا و گەڕەكەكان كۆرۆنا بڵاوبووەتەوە. كاتی ئەوەیە خەڵكی ھەرێمی كوردستان ھەڵوێست بەرامبەر ئەوانە وەرگرێت كە بۆ باری قاچاغ و بیركردنەوەی تەسك ھەندێك دەروازەی سنووری یان واڵاكرد و رێكارەكانیان شل كرد، ئەوانە كە بەرپێی خۆشیان نابینن ئەو دۆخەیان بە ئێستا گەیاندووە و لە قۆناغێكی مەترسیدارداین، بەڵام بەو مانایە نییە كە ئێمە وەك حكوومەتی ھەرێم دەستبەرداربین، بەڵكوو لە ھەموو كات جیددیترین بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە، بەڵام بە میكانیزمی دیكە، بەجۆرێك ھەم خەڵك كارو كاسبی خۆی بكات و ھەمیش رێكارەكان جێبەجێ بكەن".

جەختیكردەوە: "ئەم قۆناغە ھی ژیانكردنە لەگەڵ ئەم ڤیرووسە بە جێ بەجێ كردنی رێنماییەكان، دەبێ رێكارەكان تووندتربن و رێكارەكان باشتر جێبەجێ بكرێن".

لەبارەی رێگریكردن لە زێدەڕۆییەكان لە سنووری پارێزگای ھەولێر فرەست سۆفی گوتی: "ھەندێك كەس دەیانەویست دۆخی كۆرۆنا بۆ ئەنجامدانی زێدەڕۆیی بقۆزنەوە، بەڵام رێگریان لێكراوە، لەم چوارچێوەیەدا ١١٩ تەن دەرمانی قاچاغ و ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و بكەرەكانیان دراونەتە دادگا، ھەروەھا دەستگیراوە بەسەر ٢٠ بیر پایل دەستی بەسەردا گیراوە و ٢ ھەزار حاڵەتی زێدەڕۆیی كردنی زەوی و مۆڵكی گشتی گیراوە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "لە ھەڵمەتی بڕینی كارەبای زێدەڕۆ توانراوە تەنھا لە ماوەی یەك مانگدا ھەزار و ٤٠٠ ھێڵی زێدەڕۆی كارەبا ببڕدرێت، تەنھا لە سنووری قەزای سۆران ٥ ھەزار و ٣٧٢ ھێڵی زێدەڕۆی كارەبا بڕدراون. ئەو ھەڵمەتە كە بەھۆی ڤیرووسی كۆرۆنا راگیرابوو لە دوێنێوە دەستمان پێكردووەتەوە و لە شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەكان دەستمان پێكردەوە و دوێنێ كارەبای ٢٠ شوێن بڕدرا".

پارێزگاری ھەولێر ئاشكراشی كرد: "بڕیارێكمان داوە لە ئەمڕۆوە دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت تاكوو ٩ی مانگی رابردوو ئەو كەسانەی بە زێدەڕۆ ئاویان راكێشاوە لەماوەی ئەم مانگە خۆیان ئاوەكە ببڕن ئەگەرنا دواتر وەك كارەبا ھەڵمەتی بڕینی ئاوی زیادەڕۆ دەست پێدەكات و بكەران سزا دەدرێن، ھەروەھا سێ مانگمان دیار كردووە بۆ ئەوانەی پێوەری كارەبایان نەبەستووە لە ٠٩/٠٩/٢٠٢٠ پێوەر دابنێن ئەگەرنا سزا دەدرێن، ھەروەھا ئەوانەی پێوەری ئاویان نەبەستووە ئەگەر خۆیان نەیبەستن تووشی لێپرسینەوە دەبن".

Paylas: