پەرلەمان بەدواداچوون بۆ كێشەی كەمی گازی ماڵان دەكات
پەیامی کورد ... زیاتر لە هەفتەیەكە كێشەی كەمی گاز و نەهاتنی لە كارگەی سەرەكیی غازەوە بۆ هەولێر و دەوروبەری دروست بووە، ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانیش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: "ئێستا لە كۆمپانیای داناگازین و دواتر ڕاپۆرتی سەردانەكە دەدەینە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان".
شاندێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی پەرلەمانی كوردستان، بەدواداچوون بۆ كێشەی كەمی گازی ماڵان دەكات، لەو بارەیەشەوە، پێشەوا هەورامی، ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان، ڕایگەیاند: "شاندێكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی گەرمیان و چەمچەماڵمان كردووە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە كێشەی كەمی گاز بكەین، ئێستاش لە كۆمپانیای داناگازین و بەدواداچوونی تەواو دەكەین تا بە تەواوی بەرچاوڕوونیمان هەبێت و لە زاری خۆیانەوە بیزانین."
هەورامی گوتیشی: "دوای تەواوبوونی بەدواداچوونی وورد و پێویست، ڕاپۆرتێك لەو بارەیەوە بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئامادە دەكەین بۆ ئەوەی بە زوویی كێشەی كەمی گازی ماڵان چارە بكرێت."