TR KU SO
FB X
Kurdistan

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیندراوێک بڵاو دەکاتەوە

سارا
Yazar
📅 07 Temmuz 2018 22:26

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی عێراق کراوە کە بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، بە پێویست زانراوه‌ لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجامبدرێت دواتر له‌ ڕاگه‌یندراوێكدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕوو.

به‌پێی ڕاگه‌یندراوێكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌ چه‌ند خاڵێك كراوه‌ته‌وه‌.

 

له‌ ڕاگه‌یندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: “بارودۆخی گشتی و پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەرئەنجام و لێکەوتەکانی، ھەر لەسەرەتای پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە رای پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕوونی ڕاگەیندراوه‌ کە یەک ھەڵوێستی و یەک ڕیزی لایەنەکانی بەشداربوو لە پرۆسەی سیاسی کوردستان، ھێزێکی زیاتر دەداتە لایەنی کوردستانی بۆ بەرەنگاربوونه‌وه‌ی ئەو تەحەدیاتانەی ڕووبەڕووی ویست و خواستی خەڵکی کوردستان دەبنەوە و، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕوانگەی ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و بە خەمەوەبوونی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتمانی، داوای لە ھەموو لایەنە کوردستانییەکان کرد بۆ ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد تا بە یەک ھەڵوێستی بەشداری ھەڵبژاردن بکەن، بەڵام بەداخەوە بەدەنگەوە ھاتن بەرچاونەکەوت و، دواجار ئەوەش کاریگەری نەرێنی ھەبوو، سەرەڕای ئەوە دوای ھەڵبژاردنیش داوامان لە ھەموو لایەنەکان کرد بە بەرنامەیەکی کوردستانی ھاوبەشەوە بچینە بەغدا بۆ بەرگری و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان، دووبارە بەداخەوە جگە لە یەکیتی نیشتمانی کوردستان، لایەنەکانی دیکە لە سەر ھەڵوێستی پێش پڕۆسەی ھەڵبژاردن بەردەوامبوون، کە ھەڵوێستەکەیان بەسوودی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان نەبوو. سەرەڕای ئەوەش کۆبوونەوە جەختی لەسەر زەمینە خۆشکردن بۆ تەبایی و یەکھەڵوێستی لایەنە دڵسۆزە کوردستانییەکان کردەوە”.

له‌ خاڵێكی دیكه‌ی ڕاگه‌یندراوه‌كه‌دا هاتووه: “‌له‌ چوارچێوه‌ی ھەوڵەکانی لایەنە کوردستانی و عێراقییەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی حکوومەت، پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندی و ھەوڵەکانی چڕکردووه‌تەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی ئامادەکراو کە زامنی شەراکەت و تەوافق و تەوازنە، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گفتوگۆی پێویست ئەنجامدراوە و، لەمەو دواش بەردەوام دەبین، کە بەیەکەوە و بە بەرنامەیەکی ھاوبەشەوە لەگەڵ لایەن و ھاوپەیمانیەتییەکانی کە ھەیه‌، یان لەمەودوا دروست دەبن، گفتوگۆ دەکەین و، ئامانجیشمان ھاوبەشییە لە ناوەندی بڕیار و بەڕێوەبردنی حکوومەتی فیدراڵی بە سازان و بەشداری پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانی عێراق کە زامنی سەقامگیری زیاتر و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرەنگاربوونەوەی تەحەدیاتەکانە، بەتایبەتی لەم بارودۆخەدا کە دووبارە داعش سەری ھەڵداوەتەوە و ھەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەکات”.

له‌ خاڵی سێیه‌می راگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه‌ کە بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت و، بەپێویست زانراوه‌ لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و، باس لە ئامادەکارییەکان و میکانیزم و ھەنگاوەکانی پێویست بۆ سەرخستنی پرۆسەکە کراوه‌ و بڕیاریان لەبارەوە وەرگیراوه‌.

له‌كۆتایی راگه‌یاندراوه‌كه‌شدا هاتووه‌: “رەوشی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان، کۆبوونەوە ھەڵسەنگاندنێکی وردی کردووه‌ بۆ بارودۆخی نێوخۆیی لەماوەی رابردوودا، بۆ داھاتووش بە پەسەندی زانی گۆڕانکاری پێویست لە ھەندێ لە ئۆرگانەکانی پارتی دا بکرێت. ھەروەکو پڕکردنەوەی بۆشایی لە مەکتەبی سیاسی و بڕیاری لەبارەوە وەرگرتووه‌ و، دەسەڵاتیشی بەخشی بە سەرۆک و مەکتەبی سیاسی سەبارەت بەو گۆڕانکاریانەی کە پێویستن”.

Paylas: