پارتی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتی کرد
پەیامی کورد … پارتی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی یەکێتی کرد
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەبۆنەی ٤٦ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێکی ئاراستەی یەکێتی کرد و تیایدا هاتووە، "جەخت دەكەینەوە لەسەر هەماهەنگیی و تەبایی و یەکڕیزی نێوان هەردوو لامان"، ئاماژە بەوەشکراوە، "یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هاوخەبات و هاوپەیمانێکی گرنگ و سەرەکیی پارتیمانە ".
دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان :..
بەبۆنەی ٤٦ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
بۆ بەڕێز/ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
بەبۆنەی ٤٦ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەكەین و، هیوای بەرەوپێشچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین لە كار و بەرنامەکانتان بۆ خزمەتگەیاندنی زیاتر بە دۆزی رەوای گەلەكەمان .
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هاوخەبات و هاوپەیمانێكی گرنگ و سەرەكی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستانە و، ھاوشان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكە رۆڵی كاریگەری هەبووە لە بەدیهاتن و پاراستنی دەسكەوتەكانمان، بۆیە ئومێدەوارین لەو قۆناغەشدا بەهەموو لایەك هەوڵ بدەین بۆ بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان و، بە گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتیمانپەروەریەوە بەپێی پێویستی قۆناغەکە دەوری شیاوی خۆی ببینێ .
لەم یادە دا، جەخت دەكەینەوە لەسەر هەماهەنگیی و تەبایی و یەكڕیزیمان شانبەشانی هێز و لایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەو گیروگرفتەکان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی بۆ هاووڵاتیان و داكۆكیكردن لەو ئەزموونە و سووربوون لەسەر بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواكانمان و پاراستی قەوارەی ھەرێمی کوردستان .
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەركەوتوو بن ..
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان