پارتی پۆستە سیادییەکانی کورد لەبەغدا ئاشکرا دەکات
پارتی ئەو پۆستانەی کە کورد لەحكومەتی داهاتووی عیراق وەریدەگرێت ئاشكرادەكات، ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانیش ڕایدەگەینێت"كورد (2 بۆ 3) پۆستی سیادی لەخولی داهاتووی حكومەت بەردەكەوێت" و دەشڵێت: پارتی یەكلایی نەكردوەتەوە داوای چ پۆستێك دەكات، بەڵام بەلامانەوە گرینگە مافی پارتی نەفەوتێ.
ئەردەڵان نورەدین ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی ڕايگەیاند: هێشتا زووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پۆستەكانی كورد لەبەغدا، بەڵام ئەوەی لەئێستادا باسی لێوەكراوە دابەشكردنی پۆستی سەرۆك و جێگری هەر سێ سەرۆكایەتی كۆمار، ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران بووە، پۆستەكانی دیكە بەپێی بەشداری لایەنەكان لەحكومەت دابەشدەكرێت.
وتیشی"كورد چەندین پۆستی سیادی بەردەكەوێت، پێموایە لەخولی داهاتووی حكومەتدا (2 – 3) پۆستی سیادی بەر كورد بكەوێت، كە ئەوەش لەسەر بنەمای بەشداری لایەنە كوردییەكان دابەشدەكرێت".
ڕاشیگەیاند: تائێستا پارتی یەكلایی نەكردۆتەوە داوای چ پۆستێك دەكات، ئەوەی گرینگە بە لامانەوە ئەوەیە كە پارتی مافی نەفەوتێ ئەوە خاڵە گرینگەكەیە.