سەندیکای هونەرمەندان پشتیوانیی خۆی بۆ ڕەزازی نیشاندەدات
پەیامی کورد... سەندیکای هونەرمەندان پشتیوانیی خۆی بۆ ڕەزازی نیشاندەدات
سەندیکای هونەرمەندان ناڕەزایی لەبارەی هێرش کردنە سەر هونەرمەند ناسر ڕەزازی نیشان دە دات و دەڵێت، «پاڵپشتیی تەواوی ئەو هونەرمەندە مەزنە دەکەین».
سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، ماوەیەکە چەند کەسێک بە شێوەیەکی نا شارستانی و پڕ لەقین هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر هونەرمەند ناسری ڕەزازی.
دەشڵێت، ڕەزازیی هونەرمەند، پێشمەرگە و نیشتمانپەروەر لەپاڵ هەڵوێستە سیاسییە کوردستانییەکانیدا، هونەرمەندێکی بەئەزموون و پڕ بەخشش و داهێنانە و یەکێکە لە پارێزەران و درێژەپێدەرانی ڕەوتی گۆرانی و ئاواز و سروودە نیشتمانییە ڕەسەنەکان.
ئەنجوومەنی سەندیکای هونەرمەندان وێڕای نیشاندانی پشتیوانی بۆ ئەو هونەرمەندە، داواش لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات، بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە وتار و بانگەشانەدا بکەن کە هونەر و هونەرمەندان دەکەنە ئامانج و هەوڵ دەدەن لە ڕێگەوە شیرازەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا بشێوێنن.
لەم ڕۆژانەدا تۆمارێکی دەنگیی ناسر ڕەزازی بڵاو کرا یەوە کە تێیدا دەڵێت، من یارسانیم و موسڵمان نیم. دوابەدوای ئەو تۆمارەش لەلایەن هەندێک لە پەیڕەوکرانی ئایینی ئیسلامەوە کەوتە بەر هێرش و هەڕەشە.
ناسر محەممەد ساڵح ناسراو بە (ناسر ڕەزازی) ی هونەرمەند لە 21ی حوزەیرانی ساڵی 1955 لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و هەر لە تەمەنی گەنجییەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و تا ئێستا بەردەوامە.
یەکێکە لە گۆرانیبێژەکانی کورد کە توانیویەتی بە هەموو زاراوەکانی کوردی گۆرانی بڵێت، ئەو هونەرمەندە لە ساڵی 1990ەوە پاش ساڵانێک ژیان لە دەرەوەی وڵات لە هەرێمی کوردستان دەژیت.