TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆک بارزانی: شۆڕشی گوڵان هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی ئەیلوول و درێژكراوەی هەموو شۆڕشەكانی پێشووتری كورد بوو

Navas Jan
Admin
📅 26 Mayıs 2021 16:20

پەیامی کورد … سەرۆک بارزانی: شۆڕشی گوڵان هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی ئەیلوول و درێژكراوەی هەموو شۆڕشەكانی پێشووتری كورد بوو

 

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ په‌یامێكدا له‌ یادی (45)ـەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵان رایگه‌یاند، شۆڕشی گوڵان ئەو پەیامە بوو بۆ هەموو ناحەزان و نەیارانی گەلی كوردستان، كە سەرباری بوونی پیلانگێڕی و هەڕەشە و بەهێزیی نەیاران و كۆسپی جۆراوجۆر، گەلی كوردستان ئیرادەی خەبات و رووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ناحەقی بوویه‌وه‌.

 

له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا هاتووه‌، "شۆڕشی گوڵان هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی ئەیلوول و درێژكراوەی هەموو شۆڕشەكانی پێشووتری كورد بوو، بۆ هەموو نەیارانیشی سەلماند، كە ئیرادەی ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕیی كورد هەرگیز ناشكێت".

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی:

 

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

 

شۆڕشی گوڵان ئەزموونێكی دەوڵەمەندی كۆڵنەدان و خۆڕێكخستن و هەستانەوەی گەلی كوردستانە. لە بارودۆخی دوای نسكۆ و ئاوارەیی و لەژێر گوشاری جۆراوجۆری نەیارانی گەلی كوردستان توانرا بە پلانێكی تۆكمە و بڕوایەكی پتەو، شۆڕشی گوڵان هەڵبگیرسێت. شۆڕشی گوڵان ئەو پەیامە بوو بۆ هەموو ناحەزان و نەیارانی گەلی كوردستان، كە سەرباری بوونی پیلانگێڕی و هەڕەشە و بەهێزیی نەیاران و كۆسپی جۆراوجۆر، گەلی كوردستان ئیرادەی خەبات و رووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ناحەقی هەیە و خەبات و تێكۆشانی خۆی بۆ گۆڕەپانی حەقیقی كە خاكی پیرۆزی كوردستانە دەگوازێتەوە.

 

شۆڕشی گوڵان هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی ئەیلوول و درێژكراوەی هەموو شۆڕشەكانی پێشووتری كورد بوو، بۆ هەموو نەیارانیشی سەلماند، كە ئیرادەی ئازادیخوازی و شۆڕشگێڕیی كورد هەرگیز ناشكێت.

 

شۆڕشی گوڵان رۆژی 26ـی ئایاری 1976 بە یەكەم چالاكیی پێشمەرگە لە حاجی ئومەران دەستی پێكرد و "سەید عەبدوڵڵا" یەكەم شەهیدی ئەم چالاكییەی دەستپێكی شۆڕشی گوڵان بوو. لە چل و پێنجەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵاندا بە بەرزی یادی هەموو شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و شەهیدانی كورد و كوردستان دەكەینەوە. جەختیش لەوە دەكەینەوە ئازادی و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان لە سایەی خوێن و قوربانیدانی شەهیدانمان هاتووەتە ئاراوە. لەو یادە پیرۆزەدا پێزانینم بۆ خەبات و ماندووبوونی هەموو ئەو تێكۆشەر و قارەمانانە هەیە، كە لە خەباتی پێشمەرگایەتی و حزبی و خەباتی نهێنیی ناو شار و لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا رۆڵیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبووە و قوربانیان داوە و بوونە مایەی شانازی بۆ گەلەكەیان.

 

مه‌سعود بارزانی

 

26ـی ئایاری 2021

Paylas: