TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆکى هەرێم لەگەڵ بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگی ئاسایشى ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە

سارا
Yazar
📅 24 Eylül 2019 18:05

پەیامی کورد    ...     نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان جەختى لە هاوکارى و هەمانگی نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و پێویستی بەشداری هێزەکانى ئەمریکا لە میکانیزمى هاوبەشى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق بۆ پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى و ڕووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى تیرۆر کردەوە، هەروەها خۆشحاڵی خۆى بە کەشى ئەرێنێى پەیوەندی هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدڕاڵى عێراق و گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەردوولا نیشان دا.

لە کۆبوونەوەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە 24/9/2019 لە هەولێر،  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و گریگۆرى کوودەر بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگی ئاسایشى ئەمریکى لە عێراق، دۆخى ئاسایشى ناوچە کێشە لەسەرەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدڕاڵى عێراقیان تاوتوێ کرد و بەتایبەتى تیشکیان خستە سەر دۆخى پارێزگاى کەرکووک و دەورووبەرى و ناوچەى شەنگال و دەشتى نەینەوا، هەروەها جەختیان لە پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى لە تەواوى عێراق کردەوە.

 سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ستایش و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ یارمەتى و پشتگیری ئەمریکاى لە هەرێمى کوردستان بۆ تێکشکاندنى داعش دووپات کردەوە و بەردەوامی بەشداری ئەمریکاى لە پرۆسەى یەکخستنى پێشمەرگە و چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە بە پێویست زانى و سوپاسى ئەو هاوکارى و یارمەتییەى کرد کە تا ئێستا لەمبارەیەوە پێشکەشى کردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە کونسولى گشتی ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان و شاندێکى سەربازیش تیایدا بەشدار بوون، بەرپرسى نووسینگەى هەماهەنگی ئاسایشى ئەمریکیش لە عێراق ستایشى ڕۆڵى پێشمەرگەى لە شەڕى دژى تیرۆر کرد و بەردەوامی پشتگیری ئەمریکاى بۆ پێشمەرگە و هەرێمى کوردستان نیشان دا و جەختى لە ڕۆڵى سەرۆکایەتی هەرێمى کوردستان و پشتگیرى لە هەوڵەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ یەکخستنى پێشمەرگە و پڕۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە کردەوە.

Paylas: