TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى یەکیتی ئەورووپا دۆخى عێراق تاوتوێ دەکەن

سارا
Yazar
📅 22 Eylül 2020 19:21

پەیامی کورد     ...     سەرۆکى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزى یەکیتی ئەورووپا دۆخى عێراق تاوتوێ دەکەن

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 22/9/2020 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە مارتن هووس باڵیۆزى یەکیتی ئەورووپا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە نوێنەرى یەکیتی ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، هەنگاوەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەتاى ڤیرووسى کۆرۆنا و لێکەوتەکانى بەتایبەتى لە بوارى ئابووریدا، مەترسییەکانى تیرۆر و جموجووڵەکانى داعش، پرۆسەى سیاسى و ئەرکى حکوومەتى تازەى عێراق و هەڵبژاردنە پێشوەختەکانى داهاتووى ووڵات، تاوتوێ کران.

دوایین پێشهاتەکانى گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو، تیایدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا بە تەنیا بابەتى مووچە و بوودجە نییە و سەقامگیریى عێراق و چارەسەرکردنى کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا دوو بابەتى پێکەوە بەستراون، یەکیتی ئەورووپا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش دەتوانن هاوکاری عێراق بکەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پشتگیریى خۆیان بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکانى عێراق دەربڕى و دەربارەى چەند تەوەرێکى دیکەى وەک پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ، ڕۆڵى یەکیتی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى ئەورووپى لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بیروڕایان گۆڕییەوە.

Paylas: