سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆ بوونەوە
پەیامی کورد... سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆ بوونەوە
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مارینا سێرێنی جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێک، لە کۆبوونەوەکە دا پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی عێراق و پەیوەندییەکانی هەولێر- بەغدا و مەترسییەکانی تیرۆر و جموجۆڵەکانی داعش تاوتوێ کراون.
ڕاشگەیەنراوە کە نێچیرڤان بارزانی وێڕای نیشاندانی خواستی هەرێمی کوردستان بە برەودان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیتاڵیا و فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاریی نێوانیان، سوپاسی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیری مرۆیی و سەربازی ئیتاڵیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا دووپات کردووەتەوە.
هەروەها هەر دوو لا هاوڕا بوون لەسەر گرنگی هەبوونی سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی و ئابووری لە عێراق و پێویستی گفتوگۆ و گەیشتنی لایەنە عێراقییەکان بە لێکگەیشتنێک کە پرۆسەی سیاسی وڵات لە بنبەست و چەقبەستوویی ڕزگار بکات و حکومەتێک بهێنێتە ئاراوە کۆکەرەوە و وەڵام دەرەوەی خواستەکانی گەل و پێکهاتەکانی عێراق بێت.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە کراوە کە سێرێنی بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیای بۆ نێچیرڤان بارزانی دووپات کردووەتەوە تا سەردانی ڕۆما بکات و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕیزی پێشەوەی بایەخ و پرۆگرامی گەشەپێدان و هاریکاریی ئیتاڵیادان و وڵاتەکەی بە گرنگییەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.