TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆك بارزانی: دەوڵەتی عێراق لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان بەرپرسیارە

سارا
Yazar
📅 14 Nisan 2020 18:11

پەیامی کورد    ...     سەرۆك بارزانی، لە سی و دووهەمین ساڵیادی كارەساتی ئەنفالدا، پەیامێكی بڵاو كردەوە و رایگەیاند، پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهاندا بەردەوام بن و حكوومەتی هەرێمیش بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكات.

دەقی پەیامەكە:

بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان

لە سی و دووهەمین ساڵەی دەستپێكردنی شاڵاوی ئەنفال لە دژی ڕۆڵەكانی گەلەكەماندا، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفال دەكەین.

ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی زۆر دراوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووكردنەوەی كەس وكاری قوربانییانی ئەنفال و دۆزینەوە و هێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفالكراوان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەنجامێكی وای نەبووە. بۆیە دیسانیش جەخت دەكەینەوە كە پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهاندا بەردەوام بن و بگەنە ئەنجام و هەروەها دەوڵەتی عێراقیش بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان و پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكات و، ڕووفاتی پیرۆزی هەموو شەهیدانی ئەنفالیش بگەڕێندرێتەوە خاكی نیشتیمان.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی قوربانییانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی كوردستان.

 

مەسعوود بارزانی

١٤ـی٤ـی٢٠٢٠

Paylas: