TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەكات

PeyamaKurd
Editor
📅 23 Ekim 2019 17:21

پەیامی کورد  - لە دیدارەكەدا كە  جێمس سۆرنتن كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێریش ئامادە بوو، باڵیۆزی بەریتانیا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان لەگەڵ كوردستان و عێراق ڕاگەیاند.

بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و دوا گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و هەروەها تاوتوێ كردنی هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی داعش تەوەرێکی دیکەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.

لە دیدارەکەدا بە وردی ڕەوشی ڕۆژئاوا و هاتنی شەپۆلی نوێی پەنابەران لە سووریاوە بۆ هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس و هەردوولا دژایەتیی خۆیان بۆ ئەگەری گۆڕینی دیموگرافی لەو ناوچەیە راگەیاند و بۆ ئەوەش وایان بە باشزانی ئەو پەنابەرانەی لە ترسی شەڕ ناوچەکانیان بەجێ دەهێڵن، هەر لەناو خاکی سووریا و لە شوێنێکی ئارامی نزیک سنوور، کەمپیان بۆ دروست بکرێت و کۆمەڵی نێودەوڵەتی هاوکاریی بەپەلەیان بۆ دابین بکات. هەروەها هەردوولا هاوڕابوون کە ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا زیان بە هەوڵە هاوبەشەکان دژی تیرۆر دەگەیەنێت و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا و عێراق زیاتر دەکات.

هەر لە دیدارەکەدا باسی رەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە داواکارییە رەواکانی هاووڵاتیان جێبەجێ بکرێن و پڕۆژەی خزمەتگوازری لەناوچەکانی ناوەڕاست و عێراق جێبەجێ بکرێن و دۆخی ژیانی خەڵک باشتر بکرێت.

هەر لەوبارەیەوە سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە نابێ رێگە بدرێت ئۆباڵی هەڵە و کەموکوڕییەکانی رابردوو و بخرێنە ئەستووی حکوومەتی ئێستای عێراق و ئەوانەی خۆیان هۆکاری گەندەڵی و کەموکوڕییەکان بوونە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی خەڵک بن و بیانەوێ زیان بە کابینەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی بگەیەنن.

Paylas: