TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای ئەمریكا کرد

Navas Jan
Admin
📅 17 Ocak 2023 18:41

پەیامی کورد... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای ئەمریكا کرد

سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی له‌ شاندێكى باڵاى ئه‌مریكا كرد و چه‌ند بابه‌تێكیان تاوتوێ كرد.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17/1/2023، له‌ سه‌لاحه‌ددین، سه‌رۆك بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی باڵای ئەمریكا كرد، كە پێك هاتبوو لە: برێت مەكگێرك، ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، ئامۆس هۆكشتین، ڕێكخەری تایبەتی سەرۆكایەتی بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە، خاتوو ئالینا ڕۆمانۆسكی، باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق تاوتوێ كرا، جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێمى كوردستان و عێراق، بایەخی ڕۆڵی عێراق و هەرێمی كوردستان لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم وزە لە ئاستی جیهانیدا كرایەوە.

بارودۆخی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و تێیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت و هیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستە ڕوو كە خوازیاری ئەوەیە لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیاتەكان و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوە و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەردەوام بێت.

پەیوەست بە چاكسازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش، سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی ئەو چاكسازییانە دووپات كردەوە.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون و شاندی میوان جەختی لە بایەخی ئاساییش و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.

 

Paylas: