سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكی دەكات
پەیامی کورد ... ئەمڕۆ یەكشەممە 16ـی 2ـی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمریكی كرد كە پێكهاتبوو لە سێناتۆر جێمس ئێنهۆف ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا و بەرپرسی لیژنەی هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا و سەرۆكی شاندەكە و سێناتۆر جۆن بووزمەن و سێناتۆر ماریۆن مایكڵ ڕۆندز و سێناتۆر كێڤین كرامێر ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و ترێنت كێڵی و تیمۆسی واڵبێڕگ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا.
لەم دیدارەدا كە ماتێئۆ تیولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە تاتوێ كرا و شاندی میوان ئامانجی سەردانەكەیان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان خستەڕوو و جەختیان لە دۆستایەتی و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان گەلی ئەمریكا و گەلی كوردستان كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەت و سوپای ئەمریكای كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە و پێزانینی هەبوو بۆ دۆستایەتی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی ئەمریكا و ڕایگەیاند شەڕی دژی تیرۆر لووتكەی هاوكاریی و دۆستایەتی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا بوو.
لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی ڕێگەكانی گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ئاسایشی جیهانی ئاڵوگۆڕ كرا.