TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی باج فەرمانێكی گرنگی دەركرد

Navas Jan
Admin
📅 21 Şubat 2022 18:02

پەیامی کورد… سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی باج فەرمانێكی گرنگی دەركرد

له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌ت، فەرمانی بە لایەنە پەیوەندارەکان دا دیارکردنی رێژەی باج بۆ پیشەوران بە رێگەی مەزندە رابگیرێت و وێرای بەردەوامی لە کۆکردنەوەی باج، ڕەچاوی دۆخی ئابووری و ژیانی پیشەوەران بکرێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21/2/2022، له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی ده‌كاته‌وه: یەکێک لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا، رێکخستنەوەی باج لە هەرێم بووە، حکوومەت وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن ناتوانێت باج زیاد بکات، بەڵکوو ئەرکی ئەم دەسەڵاتە تەنیا جێبەجێکردنی یاساکانە و ئەو رێکارانەی گیراونەتە بەریش ئامانج لێیان تەنیا رێکخستنەوەی باج و رێگریکردن بووە لە خۆدزینەوە لە دانی باج، هەر لەم چوارچێوەیەدا باجی کۆمپانایا گەورەکان و گەورە باجدەران رێکخراوەتەوە و ئەم چەندەش کاریگەریی لە سەر زیادکردنی داهات هەبووە و ئەم داهاتەش بۆ خزمەتی هاولاتیان دەبێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌: لەم ماوەیەدا گلەیی هەبووە کە رێژەی باجی پیشەوەران و خاوەن دوکان و پیشە بچووکەکان زیاد بووە، جەنابی سەرۆکی حکومەت خۆی بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتەکە کرد و دوای چەند کۆبوونەوەیەک فەرمانی بە لایەنە پەیوەندارەکان کردووە کە دیارکردنی رێژەی باج بۆ پیشەوران بە رێگەی مەزندە رابگیرێت و وێرای بەردەوامی لە کۆکردنەوەی باج، ڕەچاوی دۆخی ئابووری و ژیانی پیشەوەران بکرێت و نابێت باج ببێتە هۆی لاوازکردنی جوڵەی ناو بازار.

هه‌روه‌ها له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا، هاتووه‌: حکوومەتی هەرێمی كوردستان بە رێگەی پسپۆڕانی بواری باج، خەریکی رێکخستنەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی باجن بە شێوەیەک کە دیارکردنی رێژە و و کۆکردنەوەی باج بە شێوەیەکی گونجاو و دادپەروەرانە و شەفاف بێت. تا ئامادەبوونی ئەو سیستەمەش نابێت بارگرانیی دارایی بۆ پیشەوەران دروست ببێت.

Paylas: