سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
پەیامی کورد ... سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند، سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق دانوستانی لەگەڵ لایەنەكان دەست پێكردووە و سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ كورد و، پشكی كوردیش ئەگەر زیاتر نەبێت، كەمتر نابێت.
فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند : سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق دانوستانی لەگەڵ لایەنەكان دەست پێكردووە، كە لەگەڵ كورد و سوننە و شیعە و شەقامیش كۆدەبێتەوە و تێیدا داوا لە هەمووان دەكات پشتگیری بكەن بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت، چونكە پێویستی بە پشتگیری هەموو لایەنەكان و شەقامیش هەیە.
عیسا گوتیشی، بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكاندا بكات بۆ ئەوەی پشتگیری بكەن بۆ پێکهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق کە كوردیش پاكێجی خۆی بۆ كابینەی نوێ ئامادە دەكات.