سەرکەوتنی کچە کورد لە کێبڕکێی زانستی شیمی نێونەتەوەییدا لە نێوان ٣٢ وڵاتدا
پەیامی کورد... سەرکەوتنی کچە کورد لە کێبڕکێی زانستی شیمی نێونەتەوەییدا لە نێوان ٣٢ وڵاتدا
کچە خوێندکارێکی خەڵکی دێولان، بە ناوی «پەریسا ئەوسەتی» خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی «شیمی» لە زانکۆی تاران، لە نێوان ٣٢ وڵاتدا خەڵاتی باشترین داهێنەری جیهانی لە بواری شیمیدا بردەوە و بوو بە ئەندامی فەرمیی فیدراسیۆنی جیهانیی داهێنەرانی ژێنێڤ.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی شەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، پەریسا ئەوسەتی، خەڵکی ئاوایی «کاکەجۆ» ی سەر بە شاری دێولان و خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی شیمی لە زانکۆی تاران، لە کێبڕکێی نێونەتەوەیی داهێنانی تایبەتی ئەندامانی فیدراسیۆنی جیهانیی داهێنەرانی «ژێنێڤ» بە بەشداریی ٧٤٠داهێنەر لە ٣٢وڵاتی جیهان، سەرکەوتنی بە دەست هێنا و بە فەرمیی بوو بە ئەندامی ئەو فیدراسیۆنە و خەڵاتی زێڕینی ئەو کێبڕکێیەی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
پەریسا ئەوسەتی، لە زانکۆی تاران لە بەشی ئاندزایاریی شیمی دەخوێنێت و هەروەها نووسەری کتێبی «نانوسەیالات و ڕێگاکانی بەرهەمهێنان» و خاوەنی چەندین بابەتی کۆنفرانسییە کە تایبەت لە بارەی داهێنانی بواری شیمییەوە نووسیویەتی.