TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرکردەیەکی سوننەکانی عێراق شانازی بە هەرێمی کوردستانەوە دەکات

سارا
Yazar
📅 26 Aralık 2019 17:19

پەیامی کورد    ...    سەركردەیەكی سوننەكان دەڵێ، پێویستە هاوپەیمانان لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش بێنە سەر هێڵ، بۆ ئەوەی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، چوونكە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ووڵاتێكی پێشكەوتووە و شانازی پێوە دەكەین و پێویستە نموونەیەك بێت بۆ عێراق و ئەوانیش چاو لە هەرێمی كوردستان بكەن.

د.عەلا مەكی، نوێنەری پارتی ویفاقی نیشتیمانی سوننە لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان مەترسیدارە و لە هەموو ناوچەكان سەریان هەڵداوەتەوە، بۆیە پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێنە سەر خەت، هەروەها لەگەڵ عێراق قسە بكەن و ئەو پرسە چارەسەر بكرێت و رێگە نەدرێت جارێكی دیكە داعش بەهێز ببێتەوە، چوونكە لە ئێستادا جارێكی دیكە سەریان هەڵداوەتەوە.

مەكی گوتیشی، پێویستە حكوومەتی عێراق هەماهەنگی و رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەوەی بە هاوبەشی ڕووبەڕووی داعش ببنەوە، تا ئەو ئەمنییەتەی دروست بووە، جارێكی دیكە تێك نەچێت، چوونكە ئەو ئەمنییەتەی هەیە، بە خوێن بەدەست هاتووە.

ئەو سەركردەیەی سوننەكان باسی لەوەش كرد، هەرێمی كوردستان راستە بەشێكە لە عێراق، بەڵام شانازی دەكەین كە هاوشێوەی ووڵاتێكی پێشكەوتووە و ئومێدەوارین كە عێراقیش وەكوو هەرێمی كوردستان بێت و هەرێمی كوردستان نموونەیەك بێت بۆ عێراق، بۆ ئەوەی چاوی لێ بكەن، ئەمەش مۆجامەلە نییە و ڕاستییەکە و هەموو خەڵكی هەستی پێ دەكەن و دەیبینن.

Paylas: