TR KU SO
FB X
Kurdistan

سەرکردایەتی یەکێتی: فوئاد مەعسوم شکستی هێناوە

نەهرۆ
Editor
📅 01 Mayıs 2018 15:50

بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی ناو یەكێتی، كۆبوونەوەیەكی نهێنی حزبەكەیان ئەنجام دراوە و هەمووان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی فوئاد مەعسوم بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار كاندید نەكرێتەوە، چونكە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كورد، هیچی نەكردووە.

ئاژانسی (بغداد الیوم) لەزاری سەرچاوەیەکی ناو سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی کوردستانەوە بڵاویکردووەتەوە، کە لە كۆبوونەوەی حزبەکەیاندا جەختکراوەتەوە، جارێكی دیکە (فوئاد مەعسوم) بۆ پۆستی سەركۆماری عێراق كاندید نەكەنەوە، چونكە فوئاد مەعسوم لە بەرگریكردن لەبەرژەوەندییەكانی كورد لەبەغدا شكستی هێناوە.

دووپاتیشکراوەتەوە، کە فوئاد مەعسوم، كەسایەتییەكی بەهێز نییە و نەیتوانی شوێنی مام جەلال پڕ بكاتەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردووە، کە لەکۆبوونەوەکەی یەکێتیدا، کە كۆسرەت ڕەسول جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەکێتی و بەرپرسانی باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی ئامادەیی بوون و هەمووان لەسەر دووبارە كاندیدنەكردنەوەی مەعسوم هاوڕابوون و هیچ كەسێكیشیان بۆ شوێنی ئەو كاندید نەكردووە.

ئەوەش لە كاتێكدایە کە لەماوەی رابردوودا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، كە پۆستی سەرۆك کۆماری عێراق بۆ كورد دەبێ، ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان بێ زۆرتر لە بەرژەوەندی كوردە.
 

Paylas: