TR KU SO
FB X
Kurdistan

شێخ جەعفەر : پارتی تاكە حیزبە بەرگری لە پرسی كورد و سەربەخۆیی كوردستان دەكات

سارا
Yazar
📅 19 Nisan 2018 02:58

بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین ڕایدەگەیێنێت، بە هۆی ئەوەی پارتی لە ماوەی رابردوودا هەڵوێستەكانی هەمووی نەتەوەیی بوونە، بۆیە خەڵكی خانەقین دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن و دەشڵێێ: "ئەمجارە لەو سنوورە ئێمە كورسی بە دەست دێنین، ئەگەر ساختەكاری نەكرێت".

پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لیستی 184 و لە ژێر درووشمی "دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان"، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە و، لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش لە دیالە و مووسڵ بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكات، بەڵام لە كەركووك و سەڵاحەددین بایكۆتی كردووە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی 15ـی پارتی لە خانەقین، راگەیاند: "لە سنووری خانەقین دەستمان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە و، كاندیدانی ئێمەیش بەردەوام بانگەشە بۆ خۆیان دەكەن و كارگێڕی لقیشمان چووەتەوە بۆ خانەقین بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، چونكە وەكوو كەركووك لەوێ قەدەغە نییە و ئێمەیش بۆ ناساندنی كاندیدەکانی خۆمان دوو مەراسیممان ساز كردووە، یەكێكیان لە خانەقین بووە و تێیدا 45 تیپی وەرزشی خەڵات كران و، بەردەوامیش دەبین لە چالاكی لە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا".

شێخ جەعفەر گوتیشی: "ئەم جارە ئومێدمان زۆرە دەنگی زۆر باشتر لە جاری پێشوو بەدەست بێنین، چونكە خەڵكی خانەقین زۆر ناخۆشییان بینیوە و تازە ئازادییان دیتبوو لە ژێر ئاڵای كوردستان و سایەی هێزی پێشمەرگەدا، بەڵام ئێستا حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان بەردەوام بیانوویان پێ دەگرن و كێشەیان بۆ دروست دەكەن و خۆیان بەسەریاندا دەسەپێنن".

بەرپرسی لقی 15ـی پارتی ئاماژەیشی دا: "دیارە كە خەڵك بۆ چی دەنگ بە پارتی دەدات، چونكە بە تاكە حیزبی دەزانن بەرگری لە پرسی كورد و سەربەخۆیی كوردستان دەكات و، خەڵكی ئەو ناوچانە چاوی لە سەربەخۆیی كوردستانە، بۆیە من دڵنیام بە هۆی هەڵوێستە نەتەوەییەكانی پارتی لە ماوەی رابردوودا، ئەگەر لەو سنوورە ساختەكاری ئەنجام نەدرێت، پارتی دەنگی زۆر باش لە پێشووتر بەدەست دێنێت و، ئەم جارە كورسیی دەبێت، بەڵام گومانی ساختەكاری هەیە، چونكە رێگە بە خەڵك دەدرێت بە كارتی كۆن دەنگ بدەن، كە بەشێك لەوانە مردوون و بەشێكیش پێشتر لە شوێنەكانی دیكە هێنرابوون دەنگ بدەن، بۆیە بەنیازن جارێكی دیكە بەمانە دەنگ بدەنەوە و ئەمەش وا دەكات ساختەكاری بكرێت".

Paylas: