TR KU SO
FB X
Kurdistan

سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای یه‌كێتی: کەس حەددی نییە دەرم بكات

📅 19 Nisan 2018 18:58

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت "ئەو بریاری دەركردنە رەنگە بریاری یەكێتی نەبێت‌و هەندێک کەس لە ناو یەكێتی ئەو هەڵمەتەی دەست پێكردبێت".

 

عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌باره‌ی دورخستنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌نێو یه‌كێتییه‌وه‌ كار بۆ لیستێكی دیكه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌ن ڕایگه‌یاند، "من هاورێ‌و دۆستی كاك بەرهەمم كێ‌ حەدی هەیە دەرم بكات؟".

عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا ڕاشیگه‌یاند، "ئەو بریاری دەركردنە رەنگە بریاری یەكێتی نەبێت‌و ئەشخاس لەناو یەكێتی ئەو هەڵمەتەی دەستپێكردبێت، یەكێتی بریارێكی سیاسی هەیە بەوەی هەركەسێك لەناو ریزەكانی كار بۆ حزبێكی تر بكات دەردەكرێت، بەڵام زۆرێك لەوانە خۆیان پێشتر نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردوە".

ئه‌ندامه‌کەی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی  دەشڵێت "جوان نیە بۆ یەكێتی كەسانێك پێشتر نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكردبێت ئێستا بڵێی دەرمكردون، من خۆم نامەی دەستلەكار كێشانەوەكەی دڵشاد عەبدولرەحمانم لەمانگی 10ی ساڵی رابردو بینیوە، ئێستا بێیت بڵێی دەرمانكرد ئەوە عەیبەیە‌و لەسەر یەكێتی دەكەوێت، چونكە كابراش قسەی خۆی هەیە‌و بەرواری نامەی دەستلەكار كێشانەوەكەی بۆ میدیاكان بڵاودەكاتەوە".

ئەو زیاتر باسی لە کێشەکانی ناو یەکێتی دەکات و پێی وایە یەکێتی کێشەی زۆرە و نابێت لەم کاتەدا ئەم کێشەیەشی بۆ زیاد کەن، هەر لە درێژەی قسەکانیدا وتی "كاكە ئێستا لەناو یەكێتی دەستەی كارگێری نەماوە، شتێك بەو ناوە بونی نیە، كەچی بریارەكە بەناوی ئەوانەوە دەردەچێت".

Paylas: