سنە/ لە هەفتەیەکدا ٤٠٠ کەس بوونەتە قوربانی ڕووداوی هاتووچۆ
پەیامی کورد... سنە/ لە هەفتەیەکدا ٤٠٠ کەس بوونەتە قوربانی ڕووداوی هاتووچۆ
لە یەک هەفتەدا لە پارێزگای سنە، ٤٠٠ کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ برینداربوون و چوار کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی فریاکەوتنی پزیشکی پارێزگای سنە، لە ڕۆژی شەممەی هەفتەی ڕابردووەوە تاوەکوو هەینی، ٤٦٢ ڕووداوی هاتووچۆ لەو پارێزگایە ڕوویانداوە و بە هۆیانەوە ٤٠٠ کەس برینداربوون. لەو ڕووداوانەدا چوار کەس بەهۆی سەختی برینەکانیان گیانیان لەدەست داوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕێگاوبانی پارێزگای سنە، ئاداری ٢٠٢٢ بڵاوی کردەوە، ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکانی هاتووچۆ بەراورد بە ساڵی پێشتر ٤٤٪ زیاتربوون و گوتیشی، لە هەندێک شوێن ئامارەکە زۆر بەرز بووە، بۆ نموونە، ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە مەریوان بەراورد بە ساڵێک پێشتر ٦٠٠٪ زیادیان کردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵی ڕابردوو هەزار و ٦٥٦ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست داوە