TR KU SO
FB X
Kurdistan

تایبەت ... ڕوونکردنەوە لە سەر مووچەی پاشەکەوت کراو

سارا
Yazar
📅 20 Mayıs 2019 19:05

پەیامی کورد   ...   ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەغدا له‌ ساڵی 2019 دا سێ مووچه‌ی ناردووه‌ كه‌ بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌ش كراوه‌، یه‌ك موچه‌ بۆ مانگی 12ی 2018 به‌بێ پاشه‌كه‌وت دراوه‌، بۆ ئه‌و سێ مانگه‌ش كه ئێستا مووچه‌ دواكه‌وتووه‌، دەشڵێت، "هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێککەوتن ئەوکات مووچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە فەرمانبەران".

سەفین دزەیی، ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "حکوومەتی عێراق له‌ ساڵی 2019 دا سێ مووچه‌ی ناردووه‌، كه‌ بێ پاشه‌كه‌وت دابه‌ش كراوه‌، یه‌ك مووچه‌ بۆ مانگی 12ی 2018 به‌بێ پاشه‌كه‌وت دراوه‌، بۆ ئه‌و سێ مانگه‌ش كه ئێستا مووچه‌ دواكه‌وتووه‌ واته‌ پێدانی مووچەی ئەو سێ مانگە پێویستی بە دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلاره‌، بۆ ئەوەی مووچەی سێ مانگەکەی پێ بدرێت و مووچە ڕێک بێتەوە بکەوێتەوە سەرسکە"

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستا ئەو بڕە پارەیە لەبەردەست حکوومەتی هەرێم نیە،  هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێککەوتن کە حکومەتی عێراق بەپێی یاسا دەبێت بوودجەی ئەو ماوەیەی لە هەرێمی کوردستانی بڕی لە 2014 ه‌وه‌ بداتەوە هەرێم، ئەگەر گەیشتینە ڕێککەوتن ئەوکات مووچەی ئەو سێ مانگەش دەدرێتەوە فەرمانبەران".

لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و رادەستی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا، سەفین دزەیی دەڵێت، "هەرێمی کوردستان لەڕووی پڕنسیبوە هیچ کێشەی لەگەڵ ئەوەدا نیە، كه‌ ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ راده‌ستی به‌غداد بكات، بەڵام کۆمەڵێک بابەتی تر هەیە کە پێویستە لەو پڕۆسەیە چاره‌سه‌ربكرێن، ئەگەرنا ئەوە نیە بدرێت یا نەدرێت، هەرێم  گرێبەستی هەیە لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای وەبەرهێنەری نەوت، کە خۆیان سەرمایە گوزارییان لە هەرێم کردوە بەسەدان ملیۆن و ملیارەها دۆلار، ئایا داهاتووی ئەو کۆمپانیایانە چی لێدێت؟، چوونکە ئەو کۆمپانیایانەی وەبەرهێنەرانی نەوت ئەگەر بدرێتە بەغداد ئایا حکومەتی عیراق شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانە دەدات؟".

ووتەبێژی حکومەت روونیکردەوە، "لێکتێگەیشتنێکی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە پاش ئەو گرژییانەی لە چەند ساڵی ڕابردوو درووست بوو لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام لەگەڵ دەست بەکاربوونی ئەم کابینە نوێیەی د.عادل عەبدولمەهدی بەتایبەت دوای ئەوەی چەندین کۆبوونەوە ئەنجامدراوە، چەندین شاند هاتوونەتە هەولێر وە چەند شاندێکی هەرێم-یش چوونەتە بەغدا، گرینگ ئەوەیە ئیرادەیەکی سیاسی لەنێوان هه‌ردوولادا هه‌ولێر و به‌غداد هەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان".

دزەیی ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو 525 ملیار دینارەی لە بەغداوە دێت بەشی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم ناکات، دەبێت حکومەتی هەرێم 350 ملیار دیناری تر بخاتە سەر ئەو بڕە پارەیە تا بتوانێت مووچە بەبێ پاشەکەوت بدات، لەو 525 ملیارە 68 ملیاری بۆ پێشمەرگە تەرخان کراوە، کە تا ئێستا ئەو بڕە پارەیە نەهاتوەتە کوردستان، تا ئێستا ئەو مووچەیە لەبەغداوە هاتوە ئەوەش وایکردووە بەتەواوی پاشەکەوتی مووچە نەمێنێ".

Paylas: