تا دێت ڕێژەی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ باشوور زیاتر دەبێت
پەیامی کورد ... جێگری لیژنەی كۆچ و كۆچبەران و پەیوەندی و رێكخراوەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 200 پەنابەر لە كوردانی رۆژئاوای كوردستان گەیشتوونەتە پارێزگای دهۆك و گوتیشی: "پێشبینی دەكەین ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتوو ئاوارەی زیاتریش بێن".
هەفتەی ڕابردوو سوپای توركیا دەستی بە هێرشكردن بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كرد و بەهۆیەوە خەڵكێكی زۆر لە ڕەوشێكی خراپدان و ئاوارە بوونە.
شیمال عادل میرۆ، جێگری لیژنەی كۆچ و كۆچبەران و پەیوەندی و رێكخراوەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك ڕایگەیاند: "بە هۆی ئەو ڕەوشە خراپەی ئێستا لە رۆژئاوای كوردستان هەیە دوای ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا، ئێوارەی دوێنێ زیاتر لە 200 پەنابەری كوردی رۆژئاوا گەیشتوونەتە پارێزگای دهۆك و لە كەمپی دۆمیز نیشتەجێ كران".
جێگری لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك هەروەها ووتی : "پێشبینی هاتنی پەنابەری زیاتر دەكەین ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتووش، چوونكە خاڵی پشكنین لەسەر رێگاكان نەماوە وەكو پێشتر، بۆیە هاتنی پەنابەری زیاتر پێویستی بە هاوكاری و خزمەتی زیاتری بەپەلە هەیە و لە وەرزی زستانیش نزیك دەبینەوە".
میرۆ دەشڵێت: "ژمارەیەكی زۆر ئاوارە و پەنابەر لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن، بەڵام رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان وەكو پێویست هاوكارییان ناكەن و زیاتر روویان لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق كردووە، هیواداریشین حكوومەتی عێراق و هەرێم و رێكخراوە نێودەولەتییەكان زیاتر هەوڵ بدەن خزمەتی ئاوارە و پەنابەری سنووری پارێزگای دهۆك بكەن."
لە سنووری پارێزگای دهۆك، زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن و لە 21 كەمپدا نیشتەجێ كراون.